کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 18ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 8ی کانوونی دووهەمی 2020 فڕۆکەیێکی ئۆکراینی لە جۆری بووینگی 737 کاتژمێر 6 و 18 خولەکی دەمەوبەیان لە ناوچەی شەهریاری نزیک تاران کەوتە خوارەوە و کۆی 167 موسافیر و 9 کادیری فڕۆکەکە گیانیان لە دەست دا.
لە نێو موسافیرەکانی ئەو فڕۆکەیەدا چەندین هاووڵاتیی کوردی ئێران بوون کە تێکڕایان نوخبە و کەسایەتیی زانستیی پایەبەرز بوون.
یەک لەو کەسانە "ڕزگار ڕەحیمی" بوو کە نوخبەیێکی کوردی خەڵکی سەقزە. دوکتۆریی ئەلەکترۆنیکی زانکۆی کبەکی کەنەدا بوو کە لەگەڵ منداڵەکەی و خێزانە دووگیانەکەی گیانیان لەدەست داوە.
دوکتور ئاروین مورەتەب و دوکتورە ئایدا فەرزانە ژن و شوویێکی کوردی خەڵکی سنە بوون. دوکتور مورەتە دەرچووی دوکتۆریی زانکۆی تەکنیکیی کبەک و ئەندازیاری باڵای کۆمپانیای ئیتۆنی کەنەدا بوو و دوکتور فەرزانەش دەرچوو و مامۆستای تەکنیکیی کبەکی کەنەدا بوو.
هەروەهاش هاوژین و منداڵی نووسەری کرماشانی حامید ئیسماعیلیوون دوو کەسی دیکە بوون کە لەو فڕۆکەیەدا گیانیان لە دەست دا.
5 هاووڵاتیی مەهابادیش بە ناوەکانی فاتیمە (سروە) پەساوەند- عایشە (سنوور) پوورقادری- ئەوین ئەرسەلانی- هیوا مەولانی و کوردیا مەولانی لە فڕۆکەکەدا بوون کە هەموو ئەو 5 هاووڵاتییە تەزکەرەی کەنەداشیان بووە.
شایانی باسە 13 خوێندکاری زانکۆی "صنعتی شریف"ی ئێرانیش لە فڕۆکەکەدا بوون.
Your Comment