کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەمە 15ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 5ی کانوونی دووهەمی 2020 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەبارەی چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بەڕێوە چوو و لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد.
پاش وتارەکەی عادل عەبدولمەهدی دەنگدان لەبارەی زەروورەتی پێبەندکردنی دەوڵەتی عێراق بەوەی کە داوای یارمەتی لە هیچ هێزێکی بیانی نەکات خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پەسەند کرا.
محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەو دانیشتنەی پەرلەماندا ڕایگەیاند دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق پێویستی بە یاسا و تێێپەڕاندنی یاسا هەیە بۆیە لێرەوە دەوڵەت پێبەند دەکرێت کە چیتر داوای یارمەتی لە هیچ هێزێکی بیانی لە عێراق نەکات.
شایانی باسە لە میدیا و هەواڵگدەرییەکان باس لەوە کراوە کە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکانی پەسەند کردووە بەڵام حەلبووسی ڕایگەیاند هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان پێویستی بە یاسای تایبەت هەیە بۆیە ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا پێبەندبوونی دەوڵەت بوو بە زەروورەتی یارمەتی وەرنەگرتنی لە هێزە بیانییەکانی ناو عێراق.
Your Comment