کوردپرێس:
لە یاداشتێکی رۆژی 16ی مانگی رابردووی پێنتاگۆندا هاتووە، بەرپرسانی حکومەت و ئەندامانی کۆنگرێس رێگەیان پێنادرێت تاوەکوو 15ی کانوونی دووەم سەردانی عێراق و سووریا بکەن.
یاداشتەکە لەلایەن مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە واژۆ کراوە، بەڵام "رێگەگرتن لە سەردانکردنی عێراق و سووریا" سەرۆکی ئەمریکا، جێگری سەرۆک، وەزیری بەرگری و هەندێک وەزیری دیکە و سوپاسالار ناگرێتەوە.
بەرپرسانی پێنتاگۆن هۆکاری ناوەڕۆکی یاداشتەکەیان بۆ ئەو بارودۆخە گەڕاندووەتەوە لە ناوچەکەدا هەیە.
دواجار شاندی کۆنگرێس کە سەردانی عێراقی کردبێت لە سەرەتای تشرینی دووەمدا بوو و ئێستاش ژمارەیەک شاندی کۆنگرێس لە وڵاتانی جیاوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان.
لە ئێوارەی رۆژی هەینی 27-12-2019 چەند مووشەکێک ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن لە کەرکووک کران، بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ''پێنتاگۆن''، لە هێرشەکەدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازیشیان بریندار بوون.
لە کاردانەوەی ئەو هێرشەی کرایەسەر سەربازگەی کەی وەن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان رۆژی یەکشەممە هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر پێنج بنکەی کەتایبی حیزبوڵڵا لە سووریا و عێراق ئەنجام دا. بەپێی راگەیێندراوەکە، سێ لە بنکەکان لە عێراق و دوو بنکەکانی دیکەش لە سووریا بوونە، لەنێو بنکەکاندا کۆگای چەک هەبووە. هەروەها لەم بنکانەوە پلانی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق داڕێژراوە.
رۆژی سێشەممە خۆپیشاندەران و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و داوایان کرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق داخرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment