بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا هاتووە: "لە ئێستادا عێراق رووبەڕووی ململانێی مەترسیدار دەبێتەوە و ئەو مەترسیانەش لەسەر ئاستی هەرەشەكردنە لە ئەمنیەتی و سەروەری و داهاتووی گەلەكەی، بۆیە هەوڵدان بۆ هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بە پێشێلكردنی دەق و پەیماننامە نێوەدەوڵەتیەكان هەژماردەكرێـت كە حكوومەتی عێراق پێیانەوە پابەندە".
ئاماژە بەوەشكراوە "خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بێ زیان مافێكی شەرعیی و رێگەپێدراوە بەپێی دەستوور، بەڵام بە مەبەست هێرشكردنە سەر نێردە دێپلۆماتییەكان لە عێراق لێدانە لە پێگە نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەكانی وڵات، كە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەنی سەروەری خۆیەتی و ریز لە پەیماننامە و رێككەوتننامەكانی دەگرێت و پارێزگاری لە نێردە دێپلۆماتكارەكانی نێو سنووری خۆی دەكات، هەربۆیە ئەمە پێش ئەوەی بەئامانج گرتنی هیچ لایەنێكی دیكە بێت بەئامانج گرتنی عێراق و سەروەریی خاكەكەیەتی".
راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی عێراق راشیگەیاندووە: "ئەركی ئێمە و ئەركی هێزە ئەمنییەكانیش پاراستنی نێردە دێپلۆماتكارەكان و دامەزراوە فەرمییەكان و بەرژەوەندییە گشتییەكانە، كە ئەوە لەپێشینەترین و گرنگترین ئەركییەتی، لە روانگەی پێداگریمان لەسەر ئاسایشی گشتی، داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و ناوچەكانی نزیک لەو شوێنە دوور بكەونەوە و دۆخەكە گرژتر نەكەن".
لە كۆتاییشدا هاتووە "جەخت لەسەر ئەوەدەكەینەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقمان راگەیاندووە، هەر هێرش و دەستدرێژییێک بۆ سەر باڵیۆزخانەكان و نێردە بیانییەكان دەبێت لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە توندی رێگری لێبكرێت و ئەنجامدەرانیش لە لایەن یاساوە بە توندرین شێوە سزایان دەدرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment