سەرۆکی هەرێم: سەرۆککۆماری عێراق دوور لە بنەمای دەستوور کەوتۆتە ژێر فشاری زۆرەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی قەیراناویی ئێستای عێراقەوە بەیانێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند بەرهەم ساڵحی سەرۆککۆماری عێراق لە دەرەوەی میکانیزم و بنەمای دەستوور کەوتۆتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی شەمە 28ی کانوونی یەکەمی 2019، تێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، له‌كاتێكدا مه‌ترسيى ناسه‌قامگيرى و ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌ خه‌ريكه وڵات به‌ره‌و داهاتوويێكى ناديار ده‌بات، ئه‌ركى هه‌مووانه‌ به‌ لێكگه‌يشتن و گيانێكى نيشتمانييانه‌ى به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بابەتی راسپاردنى كانديدى سه‌رۆكوه‌زيرانى داهاتووى عێراقدا، دیارە د. به‌رهه‌م ساڵح دوور لە میكانیزم و بنەمای دەستووری، كه‌وتووه‌ته‌ ژێر فشارێكى زۆره‌وه‌. لێرەدا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو چاره‌سه‌رێك ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌پێى رێوشوێنه‌ ياسايييه‌كان بێت".

لەبارەی دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، دەبێ سه‌رۆكوه‌زيران بەربژێرێکی نيشتمانى بێت، لەلایەن هێزە كاریگەرەكانه‌وه‌ قبووڵكراو بێت و نەبێتە مايه‌ى مشتومڕی نێوان لایەنەکان.

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

راگه‌يه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆر و له‌ نزيكه‌وه‌ چاودێريى دۆخی عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌كه‌ين كه‌ له‌ قه‌يرانێكى قووڵدايه‌. له‌ كاتێكدا مه‌ترسيى ناسه‌قامگيرى و ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌، خه‌ريكه وڵات به‌ره‌و داهاتوویێكى ناديار ده‌بات، ئه‌ركى هه‌مووانه‌ به‌ لێكگه‌يشتن و گيانێكى نيشتمانييانه‌ى به‌رپرسانه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و دوور له‌ فشارى سياسى، به‌ ميكانيزمه‌ ده‌ستوورييه‌كان قۆناغه‌كه‌ ده‌رباز بكرێت.

لە بابەتی ڕاسپاردنى كانديدى سه‌رۆك وه‌زيرانى داهاتووى عێراقدا، دیارە سه‌ركۆمار به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح دوور لە میكانیزم و بنەمای دەستووری، كه‌وتووه‌ته‌ ژێر فشارێكى زۆره‌وه‌. لێرەدا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو چاره‌سه‌رێك ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌پێى ڕێوشوێنه‌ ياسايييه‌كان بێت.

بەمەبەستی دەستنیشانكردنی كانديدێكى نيشتمانى بۆ سه‌رۆكوه‌زيران كه‌ مايه‌ى مشتومڕ نه‌بێت و لەلایەن هێزە كاریگەرەكانه‌وه‌ قبووڵكراو بێت، پێویستە داوا ڕه‌واكانى خۆپيشانده‌ر‌ان و دۆخ و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى وڵات له‌ ده‌ستنيشانكردنيدا ڕه‌وچاو بكرێن، هاوكاريی حكوومەتی ئایندەش بكرێت بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئینتیقاليی داهاتوو و خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنى تازه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

28/12/2019

News Code 97017

Your Comment

You are replying to: .
captcha