حه‌سانه‌ی یاسایی به‌وانه‌ ده‌درێت که‌ دژ به‌ کووده‌تاچییه‌کان شه‌ڕیان کردوووه‌

به‌شی تورکیا- حکوومه‌تی تورکیا له‌ حوکمێکی حکوومیی نوێیدا حه‌سانه‌ی یاساییی داوه ‌به‌و هاووڵاتییانه‌ی که‌ له‌ شه‌وی کووده‌تا، ڕۆژێک پاش کوودەتا و هه‌ندێک له‌و ڕووداوانه‌ی دیکه‌ی پاش کووده‌تا دژی کووده‌تاچییان شه‌ڕیان کردووه‌ و به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ یاسایان پێشێل کردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حوکمێکی حکوومه‌تیی نوێ که‌ به‌پێی یاسای دۆخی نائاسایی له‌ تورکیا ده‌رکرا، بڕیاری داوه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ شه‌وی کووده‌تای بێ ئاکامی 15ی جووڵای 2016 دژی کووده‌تاچییان وه‌ستانه‌وه‌، به‌ بۆنه‌ی کاره‌کانیانه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌کانی شه‌وی کووده‌تاکه‌، ڕۆژێک پاش ئه‌وه‌ و هه‌ندێ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌ تیرۆریستییه‌کانی پاش کووده‌تا، پێوشوێنگری یاسایی و لێپێچینه‌وه‌یان بۆ ناکرێت.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پارته‌کانی ئۆپۆزسیۆن و زانایانی تورکیا ڕه‌خنه‌ی لێبگرن.

بۆڵنت تزجان وته‌بێژی پارتی کۆماریخوازی تورکیا (CHP) له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "ئه‌م فەرمانە بۆ دامه‌زراندنی هێزێکی سه‌ربازیی مه‌ده‌نی له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌."

تزجان پێشتر وتبووی حوکمه‌کانی‌ حکوومه‌تیی ژماره‌ی 695 و 696 وه‌بیرهێنه‌ری کووده‌تای مه‌ده‌نیی 20ی جووڵای 2016ن و مه‌به‌ستی له‌ کووده‌تای مه‌ده‌نی ڕاگه‌یاندنی یاسای دۆخی نائاسایی له‌ تورکیا بوو.

هاوکات ماهێر ئۆناڵ وته‌بێژی پارتی داد و گه‌شه‌ کاردانه‌وه‌ی پیشان دا و وتی: ئه‌و فەرمانە ته‌نها ڕووداوه‌کانی شه‌وی کووده‌تا و ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌. ناوبراو زیاد کردنی ڕسته‌ی "هه‌ڵمه‌ته‌ تیرۆریستییه‌کانی پاش کووده‌تا" به‌ ده‌نگۆی ساخته‌ و درۆ ده‌زانێت.

ئۆنال وتیشی: "ئیزنم بده‌ن بابه‌ته‌که‌ ڕوون بکه‌مه‌وه‌. ئه‌و ده‌ستووره‌ له‌ باره‌ی شه‌وی کووده‌تای 18ی جووڵای 2016 و سه‌رله‌به‌یانیی 16ی جووڵاییه‌."

ناوبراو زیادی کرد: "هۆی ده‌رکردنی حوکمه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ بوێره‌ی شه‌و و ڕۆژی پاش کووده‌تا به‌ ده‌ستی به‌تاڵ و به‌ نرخی گیانی خۆیان وڵاتیان پاراست هیچ به‌رپرسیاریێتیێکی یاساییان نه‌خرێته‌ ئه‌ستۆ."

مێڕاڵ ئاکشنه‌ر سه‌رۆکی IP پارت له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ توویته‌ر کاردانه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ ده‌رکرانی ئه‌و حوکمه‌ پیشان داوه‌ و هۆشداری داوه‌ که‌ مومکینه‌ ئه‌و حوکمه‌ شه‌ڕی ناوخۆی لێبکه‌وێته‌وه‌.

ناوبراو نووسیویه‌تی پێدانی مافی به‌کارهێنانی چه‌ک بۆ هاووڵاتییان و پێوه‌ندیدانی به‌ به‌ره‌ڤانی له‌ وڵات له‌ به‌رانبه‌ر کووده‌تاچییه‌کان ئه‌وه‌ش به‌ حوکمێکی حکوومی وڵات به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌بات و بێ گومان لێکه‌وته‌ی مه‌ترسیداری ده‌بێت.

ئایهان بیلگه‌ن وته‌بێژی پارتی دیموکراتیکی گه‌لانیش له‌ وڵامی ئه‌و حوکمه‌دا داوای له‌ حزبه‌کانی ئۆپۆزسیۆن کرد ده‌ستبه‌جێ له‌ په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌ پێکبهێنن و پرسه‌که‌ تاوتوێ بکه‌ن.

ناوبراو وتی: ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت سبه‌ینێش دێر بێت. ئه‌و چه‌شنه‌ فه‌رمانانه‌ تورکیا به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ و کووده‌تا ده‌بات و ڕه‌وتی دیموکراسییه‌ت له‌و وڵاته‌ پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: حوڕڕییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9697

Your Comment

You are replying to: .
captcha