کوردپرێس:
سەبارەت بە دەنگۆی دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی، یوسف گۆران ئەندامی كۆنگرە بۆ رۆژنامەنووسان وتی "دواخستن نییە، چێكی ناوی پاڵێوراوەكان بۆ ئەندامێتیی سەركردایەتی و ئەو مەرجە پێویستە دەكرێت، كە دەبێت لە كاندیددا هەبێت، پاشان سبەینێ كۆنگرە دەستپێدەكاتەوە".
سەبارەت بە مەرجەكان بۆ خۆكاندیدكردنیش، تەحسین نامیق ئەندامی كۆنگرە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی "بڕیار لەسەر ئەوانە درا، كە مەرجەكانی بون بە ئەندامی سەركردایەتیان تێدایە و چەند مەرجێك بون، لەوانە بڕوانامە و دەبێت پلەی رێكخراوەییشی كارگێڕ مەڵبەند یان هاوشێوەی بێت، هەروەها نابێت دۆسێی هەبێت لەگەڵ حزبی بەعس و دۆسێی گەندەڵیشی لەسەر نەكرابێتەوە".
لای خۆیشیەوە رزگار حاجی حەمە ئەندامی كۆنگرەی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و ئەو بابەتانەی هەیە كرا، بەیانیش هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەستپێدەكات، هەموو ئەو بڕگانەی پێویست بون بۆ پەیڕەوی ناوخۆ، ئەمڕۆ جێبەجێكران.
تەئكیدیشیكردەوە، كە پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی پارتیزان و كەمئەندامانی سەنگەر بۆیان هەیە بەبێ ئەو مەرجانە خۆیان كاندید بكەن، كە بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی سەركردایەتی دانراون، هەروەها كۆنگرەكە زۆر سەركەوتو بوە و پەیڕەوی ناوخۆ بەزۆرینەی رەها پەسند كرا.
Your Comment