کوردپرێس: یوسرا ڕەجەب سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاندووە بەپێى یاساکە بڕیاربوو لە هەرێمى کوردستاندا تەنها یەک لیژنە دروست بکرێت بۆ ناو تۆمارکردنى زیانلێکەوتووان، بەڵام بە پێداگرى فراکسیۆنى نەوەى نوێ نووسینگەى لیژنەکە لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەکرێتەوە.
یوسرا ڕەجەب ڕاشیگەیاند، بەپێى یاساکە ئەو کەسانەى زیانلێکەوتووى جەنگ و هەڵەى سەربازى و کردەوەى تیرۆرستى بن قەرەبوو دەکرێنەوە.
سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لەسەر داواى فراکسیۆنەکەى ئەوان یاساکە ئەو زیانلێکەوتووانەش دەگرێتەوە کە بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە بەشێک لە دانیشتووانى ناوچە سنورییەکانى هەرێم زیانیان بەرکەوتووە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، بڕی پارەى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان دیاری نەکراوە و بەپێى ئەو زیانەى کە هاوڵاتییەکان بەریانکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە و دەشتوانرێت تا زیاتر لە ١٥ ملیۆن دینار قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکرێتەوە و ئەگەر زیانەکە لەو بڕش زیاتر بوو ئەوا لیژنەى ناوەندى بڕیارى لەسەردەدات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment