کوردپرێس:
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (سكای نیوز)ى عەرەبی ڕایگەیاند، ئەوەی ڕێگەی بە مانەوە و فراوانبوونی داعش دا توركیایە و ئەو وڵاتە تا ساڵی 2015 بەشێوەیێكی فەرمی بەشداریی جەنگی دژی داعشی نەكردووە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" دووپاتی دەكاتەوە، چەكدارانی داعش شانبەشانی سوپای توركیا بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی ئەو وڵاتە بۆ سەر باكووری خۆرهەڵاتی سووریا.
عەبدی دووپاتیشی كردەوە، توركیا لە دوای ئۆپەراسیۆنەكەی بۆسەر باكووری خۆرهەڵاتی سووریا، پاكتاوی رەگەزی بەرامبەر بە كوردانی دانیشتووی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدات و بەزۆر دانیشتووە كوردەكانی ئەو ناوچانە ئاوارە دەكات، هەروەها توركیا بۆتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان سووری و وەكوو كارتێكی فشار بەرامبەر بە ئەورووپا بەكاری دەهێنێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت، ئەنقەرە دەیەوێت خاكی سووریا داگیر بكات و بیخاتە سەر توركیا، چەكدارانی داعشیش شانبەشانی سوپای توركیا بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی ئەو وڵاتە بۆسەر باكوور و خۆرهەڵاتی سووریا.
مەزڵوم عەبدی لەبارەی دانوستانەكانی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكومەتی سووریا ئاشكرای كرد، تا ئێستا دانوستانی فەرمی و ڕوون ئەنجام نەدراوە و تەنها لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی توركیا گفتوگۆیان كردووە.
Your Comment