کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 17ی کانوونی یەکەمی 2019 لە شاری هەڵەبجە رێوڕەسمێكی تایبەت بە ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی گەنجێكی هەڵەبجە بەناوی خەلیل ساڵح محەمەد رێكخرا، كە پاش 31 ساڵ لە پاش كیمیابارانی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوە و لە خێزانەكەی دابڕاوە، بەڵام لە رێی پشكنینی DNA و بە بڕیاری دادگا سەلمێنرا، كە خەڵكی هەڵەبجەیە.
خەلیل ساڵح محەمەد، ئەوكاتەی لە ساڵی 1988دا ون دەبێت، تەمەنی تەنها یەك ساڵ بوە و ئێستا بە 32 ساڵی گەڕاوەتەوە و بە دایك و كەسوكاری خۆی شادبۆتەوە.
ئەو گەنجە هەڵەبجەییە لە شاری قومی ئێران لەلایەن خێزانێكەوە بەخێوكراوە و دوای ئەوەی دۆزرایەوە، پشكنینی DNA بۆ كراوە و كەیسەكەی لە دادگا یەكلاكرایەوە و ناسنامەی عیراقی وەك هاووڵاتییەكی شاری هەڵەبجە پێدرا.
لە رێوڕەسمی شادكردنەوەی خەلیل ساڵح محەمەد بە كەسوكارەكەی، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، كەیسی چەندین منداڵی دیكەی ونبوی هەڵەبجە بە كراوەیی ماونەتەوە و ئومێد دەكەن لە ئایندەدا یەكلابكرێنەوە.
سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی كرد، كە بەدەم پرۆسەكەوە دەچن و رێزیشی بۆ ئەو خەڵكەی ئێران نیشاندا، كە لە كاتی كارەساتی هەڵەبجە و ونبونی منداڵەكاندا، باوەشیان بۆ كردونەتەوە.
Your Comment