بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، لە تویتێکدا رایگەیاند: "هەوڵەکانمان بۆ دروست کردنی یەکڕیزی کورد لە کوردستانی سووریا لە کەشێکی ئەرێنیدا بەردەوامن و لەڕۆژانی داهاتوودا هەنگاو دەنێن بۆ دروست کردنی متمانە.
هەر لەو تویتەدا مەزڵووم کۆبانی وتوویەتی "هەڵوێستی ئەرێنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم چوارچێوەیەدا جێی رێزەو ئێمە سوپاسیان دەکەین".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە تویتێکی دیکە سەبارەت بە دۆخی ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییەی تورکیاوە لە شارەکانی کوردستانی سووریا ئاوارە بوون، رایگەیاندووە: "هەندێک لە 300 هەزار ئاوارەیە کاتێک هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان لەلایەن سوپای نیشتمانی (هێزە چەکدارەکانی سەربە تورکیا) رفێندراون و ئەشکەنجە دراون و کوژراون، هەروەها ڤیدیۆی رفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتنیان لەلایەن چەکدارەکانی سەربە تورکیاوە نێردراوە بۆ خێزانەکانیان".
ئەوەشی خستۆتەڕوو خوێندن لە 67 خوێندنگەی باکووری سووریا وەستاوە، بەهۆی ئەوەی خوێندنگەکان وەک کەمپ بۆ ئاوارەکان بەکاردەهێنرێن. ئەم تاوانانەی جەنگ لەلایەن تورکیاوە دژ بە گەلەکەمان دەبێت بوەستێنرێت.
کۆبانی ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا ماڵی خەڵکی ئاسایی سورییەکانی کردۆتەوە کارتێکی سیاسی بۆ دروست کردنی گوشار لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها ئەو کارتەش بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجام دانی گۆڕینی دیموگرافی و وتووشیەتی "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکان ئەم کارە ڕاگرن و میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان بەسەلامەتی".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment