کوردپرێس:
خلووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەمیانەی لێدوانێکدا لەکۆنگرەی دەوحە لە قەتەر ڕایگەیاند، "تورکیا وەک ئەندام دەمێنێتەوە لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، هیچ نیازێکی جیابونەوەی نیە لەو هاوپەیمانیێتیە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "کارەکانی تورکیا هێشتا لە چوارچێوەی بەرپرساریەتیمانە بە ناتۆ-وە، هێشتا هاوبەشێکی سیاسی ئەو هاوپەیمانێتیەین، هیچ هەوڵێکیش لەلایەن تورکیاوە بۆ دەرچون لەو هاوپەیمانێتیە نەدراوە".
ئەو وتانەی وەزیری بەرگریی تورکیا لەکاتێکدایە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە نۆی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا هێرشی کردە سەر کوردستانی سووریا، بە هۆیەوە چەند وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ ئیدانەی ئەو کارەیان کرد.
لەبارەی کڕینی سیستمی بەرگری s400ی ڕووسی لەلایەن وڵاتەکەیەوە کە نیگەرانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەندامی سەرەکی لە هاوپەیمانی ناتۆی لێکەوتەوە، ئاکار وتی، "تورکیا ناچاربوە سیستەمی دژە موشەکی S-400 لە روسیا بکرێت، وڵاتەکەمات پێویستی بەو سیستەمەیە".
ڕوونیشی کردەوە، لەئێستادا وڵاتەکەی لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی F-35ی ئەمریکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوانیان دەدەن.
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی کڕینی فڕۆکەی جەنگی ڕووسیاوە ئەوەی خستە ڕوو، "لەئێستادا زووە باس لە کڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بکەین، ئەنقەرە هێشتا چاوەڕێ دەکات لە واشنتنەوە فڕۆکەی جەنگیی F-35ی ئەمریکی پێبفڕۆشرێت".
مانگی تەمموزی ئەمساڵ تورکیا سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی روسی کڕی، لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ مۆسکۆ، کە دژایەتییێکی زۆری لەلایەن واشنتنەوە لێکرا، بڕیاریشە سیستەمەکە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو بەتەواوەتی لە تورکیا بکەوێتەکار.
واشنتن سیستەمی بەرگری S-400ی روسی بە هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکەی جەنگی F35ی ئەمریکی دەبینێت، بۆ ئەم مەبەستەش تورکیای لە رێککەوتنی فڕۆشتنی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی دوورخستەوە و سزای شکاندنی رێککەوتننامەکەی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندووە.
Your Comment