١٥ کانونی یەکەم ٢٠١٩ - ١٧:٣٧
وته‌بێژی پارتی: عێراق وڵاتێكی سه‌قه‌ته‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین گفتوگۆ له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی باردۆخی عێراق و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌. ده‌شڵێت "تا ئێستا هیچ ناوێك به‌ فه‌رمی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌".

کوردپرێس:

مەحموود محه‌مه‌د وته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له ‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتوویه‌تی "له‌ ڕاستیدا وڵاتێك كه‌ به‌ سه‌قه‌تی دروست كرابێت، ئاڵۆزییه‌كانی به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێن، چونكه‌ ئه‌م سه‌قه‌تییه‌ له‌ بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، ئه‌م وڵاته‌ش له‌ بنه‌ڕه‌تدا وابوه‌ و چاره‌سه‌ره‌كانیش بنه‌ڕه‌تی نین، هه‌موو مێژووی عێراق سه‌یربكه‌ین ده‌بینین ناوه‌ ناوه‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزی و كێشه‌ی ده‌ولی هه‌بووه‌، بۆیه‌ سه‌قامگیر نه‌بوه‌، ده‌بینین كه‌ عێراق به‌راورد به‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كارگێڕی و زانستییه‌وه‌ له‌ دواوه‌یه‌، چوونكه‌ هه‌رچی توانای ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی یه‌كتر خه‌رجكراوه‌، ئه‌م وڵاته‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بونیادبنرێت، لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌".

ناوبراو وتیشی ''له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عێراقدا، ئێمه‌ نابێت له‌ په‌راوێزی كاركردندابین و نابێت دوربین له‌و بڕیارانه‌ی ئێستا ده‌درێن، چونكه‌ قۆناغێكی هه‌ستیاره‌ و ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین و رێگا نه‌ده‌ین ده‌ستكه‌وته‌كانمان له‌ده‌ست بچێت".

مەحموود محه‌مه‌د له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردوه‌، وتی ''هاتوچۆ و گفتوگۆ و یه‌كتربینین هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ باس ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌م ترافیكه‌ زۆره‌ و هه‌مووش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ چۆن چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ین، له‌ڕاستیدا دیاریكردنی كه‌سێك بۆ جێگرتنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عێراق زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نه‌كانی شیعه‌وه‌، گفتوگۆكانیش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌موو كه‌س شان نه‌داته‌ به‌ر ئه‌و كێشانه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌، ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌یشی داواكارن و هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام".

وته‌بێژی پارتی له‌باره‌ی بوونی ڤیتۆ له‌لایه‌ن كوردیش له‌سه‌ر كه‌سێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق ده‌ڵێت "تائێستا نه‌مانزانیوه‌ كه‌سێك ده‌ستنیشان كرابێت تا ڤیتۆمان له‌سه‌ری هه‌بێت، چوونكه‌ به‌شێوه‌یێكی فه‌رمی هیچ ناوێك دیاری نه‌كراوه‌".

News Code 96885

Your Comment

You are replying to: .
captcha