بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتی سووریا داوایان لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووکان کردووە کە یەکێتی دیموکراتیکی سووریا و لقی سەربازیی ئەو پارتە واتە یەکینەکانی پاراستنی گەل ووکوو گرووپی تیرۆریستیی نێونەتەوەیی بناسێنێت.
لێژنەی سەربازیی دژبەرانی حکوومەتی سووریا کە بۆ بەشداری کردن لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەستانە لە پێتەختی قەزاخستان ئامادە بوون، دۆسیەیێکیان بۆ بە تیرۆریست ناساندنی YPG و PYD خستە بەردەستی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەو دۆسیەدا کە 44 لاپەڕەیە ئاماژە کراوەتە هاوکاریی نزیکی YPG و PYD لەگەل پارتی کرێکارانی کوردستان و داوا لە نەتەوە یەکگرتووکان کراوە ئەو دوو گرووپە بخرێنە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.
لە بەشێکی دیکە دۆسیەکەدا ڕەخنە لە YPG و PYD گیراوە کە هاوکاریی حکوومەتی سووریایان کردووە و لەو بارەیەوە هاتووە: ئەو گرووپە تیرۆریستییانە وێڕای پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بە ڕاکێشانی مێرمنداڵان بۆ گرووپەکەیان مافی نێونەتەوەیی منداڵان پێشێل دەکەن.
لەو دۆسیەدا هەروەها هاتووە: دژبەرانی حکوومەتی سووریا لەساڵی 2012 کونترۆڵی ناوچەی «راس العین»یان گرتە دەستەوە بەڵام PYD بە پشتگیریی سەربازیی حکوومەتەوە هێرشی کردە سەر ئەرتەشی ئازادی سووریا و دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتەوە.
سەرچاوە: ئانادۆڵۆ
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment