ئەگەری ئاڵۆزتر بوونی دۆخی عێراق لە ئارادایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئەگەری هەیە دۆخی عێراق ئاڵۆزتر ببێت، بەهۆی ئەوەی پێکهاتە شیعەکانی عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سه‌بری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە: "ماڵی شیعه‌ ناکۆکه‌ له‌ دیاری کردنی که‌سێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کاتی زۆریش نەماوە، ١٥ی ١٢ی ٢٠١٩، ماوه‌ی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکۆمار بۆ ڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت ته‌واو ده‌بێت".

ناوبراو باسیشی لەوە کرد کە دەنگۆی دیاری کردنی محەمەد شیاع سوودانی هەیە، بەڵام بە فەرمی هێشتا نازاندرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نەیشاردەوە کە ئەگەر هەیە دۆخێکی ئاڵۆز لە عێراق بێتە ئاراوە، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی نێوماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، "به‌شێکیان ده‌ڵێن با سائیروون که‌ کوتله‌ی گه‌وره‌ی پەرلەمانی عێراقە، کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران دیاری بکات. به‌شێکی دیکه‌ش که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ لیسته‌کانی فه‌تح، ده‌وڵه‌تی قانون، ئیراده‌ و که‌فائه‌-ن که‌ سەرجەمیان ١٢٠ ئه‌ندامی پەرلەمانیان هەیە، محەمەد شیاع سوودانییان پێشنیاز کردووە".

لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، ڕۆژی ٢٧ی ١١ی ٢٠١٩، عادل عەبدولمەهدی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند، دوای دوو ڕۆژ، پەرلەمانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد.

بەپێی دەستووری عێراق، سەرکۆمار دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژ لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپێرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96879

Your Comment

You are replying to: .
captcha