کوردپرێس:
پاش ئەوەی وێنە و ڤیدیۆی جۆربەجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بڵاو بوویەوە و پیشانی دەدا کە لە چەند شار و پارێزگایێکی ئێراندا چەندین جۆر حەب کراوەتە نێو کێکی خواردنەوە، وتەبێژی ڕێکخراوی خواردن و تەندروستیی ئێران بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە خەڵکانێک بە ئەنقەست حەبیان کردۆتە نێو چەندین جۆر کێکەوە.
ئەو بەرپرسەی ئێران گوتیشی ئەو کارە پاش بەرهەمهێنرانی کێکەکان کراوە و پێوەندیی بە کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەوە نیە.
هاوکات ناوەندی تەندروستیی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینەکانی لێکۆڵەرانی ئەو ناوەندە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر کێکدا گیراوە کە حەبی هۆشبەریان تێدا بووە.
هەروەها لە رۆژانی ڕابردوودا، لە دووکانی قوتابخانەی گوندێکی پیرانشار جۆرە کێکێک فرۆشرابوو کە حەبی خەوهێنەر، ترامادۆڵ و چەند جۆری دیکەی تێدابووە.
زانکۆی زانستی پزیشکی ورمێ ڕەتی کردەوە لە بازاڕەکانی ئەو پارێزگایەدا ئەو جۆرە کێکانە فرۆشرابن، بەڵام هاونیشتمانییان چەندین وێنەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە کە دەریدەخەن لە کێکەکاندا حەبی جیاواز هەیە.
لە پارێزگاکانی هورموزگان و سیستان و بەلووچستانیش دەیان وێنەی لەو شێوەیە بڵاو کراونەتەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگە حکوومی و دادوەرییەکان هێشتا بە فەرمی بڕیاری لێکۆڵینەوەیان لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە کێکانە نەداوە.
Your Comment