دەبێت ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بکرێن و میدیا داخراوەکان بکرێنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێكخه‌ری‌ گشتیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بكرێن و میدیا داخراوه‌كانیش بكرێنه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا بۆ تۆڕی میدیای گۆڕان، عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رای‌گه‌یاند کە هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانه‌وه‌ له ‌ئاستی باڵادا ته‌واوی توانای خۆی خستووه‌ته‌كار بۆ ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كان و كردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌ داخراوه‌كان و كاركردنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.

عومەری سەید عەلی زیاتر وتیشی: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داواده‌كات به ‌زووترین كات سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوی خۆپیشاندانه‌كان ئازاد بكرێن، چوونكه‌ هیچ بیانوێك نییه‌ هاوڵاتیان له‌سه‌ر داواكردنی مافی خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌ستگیر بكرێن و ده‌بێت رێز له‌ بیرورای ئازاد بگیرێت.

رێكخه‌ری‌ گشتیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌وەش‌ كردووە، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ رێگا بۆ كاری ئازادی میدیایی خۆش بكرێت و میدیا داخراوه‌كان به ‌زووترین كات بكرێنه‌وه‌ و كاری خۆیان بكه‌ن و ده‌بێت به ‌پێی یاسای رۆژنامه‌نووسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ میدیا و رۆژنامه‌نووسان بكرێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی سبەی

News Code 9683

Your Comment

You are replying to: .
captcha