بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژانە لە بنکەکانی پێشمەرگەدا دوایین تاکتیکە سەربازییەکان لەسەر شێوازەکانی هێرش بردن، بەرگری کردن و پاراستی سەلامەتی پیشەیی بەشێوەی مەیدانی کاریان لەسەر دەکرێت.
هێزەکانی هاوپەیمانان لە خولەکاندا دوو مانگ جارێک نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگەی زێرەڤانی رادەهێنن و دەڵێن: ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی پێشمەرگەکانە لە بواری زانستی سەربازی و ئامادەکردنیانە تاوەکوو وزە و تواناکانیان بە باشترین شێوە ببێتە تاکتیک و شێوازی شەڕکردن و بەرگری.
کۆلۆنێل گویسیپە لیڤاتۆ، فەرماندەی ناوەندی هاوئاهەنگیی راهێنانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتووە: "لێرە پێشکەوتنێکی بەرچاو دەبینم لە پێشمەرگەکاندا و حەزێکی زۆریان تێدایە بۆ فێربوون. جیا لەوەی کە لە چ بەشێکەوە هاتبن، چ زێرەڤانی یان بەرپەرچدانەوەی خێرا. من زۆر لێیان رازیم، ئەوان زۆر ئامادە و بەتوانان".
کۆلۆنێل مایەڵز کاگنس، گوتەبێژی فەرمی فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سووریا دەڵێت: "ئێمە لێرە راهێنانی هێزی پیادەی سەربازیمان هەیە، هەروەها راهێنانی پاراستنی سەلامەتی بۆ ژنانی پێشمەرگە ئەنجام دەدەین و چەندین راهێنانی دیکەش، وەکوو هێرشی بایۆلۆجیکی و کیمیایی. هەموو ئەم راهێنانانە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە چەندین وڵات پێکهاتوون ئەنجام دەدەرێن".
هێزی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا لە ساڵی 2014 بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەلایەن 81 وڵاتەوە دروستکراوە.
لە سەرەتای دروست بوونیەوە یەکێک لە کارەکە سەرەکییەکانی مەشق و راهێنان بووە بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment