وتەبێژی دەوڵەتی ئێران: ئاماری کوژراو و برینداری خۆپیشاندانەکان بڵاو دەکەینەوە/ چاوەڕوان بووین پێشوازیی گەرمتر لە خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکان بکرێت

بەشی ئێران- وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە ناڕەزایییەکانی ئەم دوایییەی چەند پارێزگایێکی ئێران و ڕایگەیاند کار لە سەر ئەوە دەکەن کە بنچینەی ناڕەزایییەکان بدۆزنەوە و گوتیشی هەڵبژاردن پڕۆسەیێک گرینگی دیموکراسییانەیە و چاوەڕوان بووین کەسانی ناسراوتر پێشوازییان لە خۆپاڵاوتن بکردایە.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 18ی سەرماوەزی 1398 عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی لە پرێس کونفڕانسی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی ڕۆژەڤی میدیاکان کرد و لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایییەی ئێران ڕایگەیاند دەوڵەت لەو قەناعەتەدایە کە دەبێت کیشەکان ڕیشەدۆزییان بۆ بکرێت هەر بۆیەش لایەنە پێوەندیدارەکان لە دەوڵەتدا هەوڵ دەدەن خەسارناسیی ڕیشەیی بۆ ئەو کێشەیە بکەن.

وتەبێژی دەوڵەتی ئێران گوتیشی بە دڵنیایییەوە بە هاوکاریی دەزگای داد و وەزارەتی ناوخۆی ئێران پاش خوێندنەوەی تەواو بۆ دۆسیەکان و تاوتوێی هەمەلایەنەی بابەتەکە، ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندان و ناڕەزایییەکانی ئەم دوایییەی ئێران بڵاو دەکەنەوە.

عەلی ڕەبیعی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئێران کرد کە ماوەی خۆپاڵاوتنی کاندیدەکانی ڕۆژی ڕابردوو کۆتایی هات و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: کۆی 16 هەزار و 145 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئەگەرچی ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد کەسانی ناسراوتر پێشوازی لە پڕۆسەی ناوتۆمارکردن بکەن بەڵام بەوەشەوە دەوڵەت وەک لایەنی جێبەجێکاری هەڵبژاردن هەوڵ دەدات ئەو هەڵبژاردنە لە کەشێکی دیموکراسییانە و تەندروستدا بەڕێوە بچێت.

وتەبێژی دەوڵەتی ئێران باسی ئەو دوو زیندانییە ئەمریکی و ئێرانییەشی کرد کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕ کران و لەو بارەیەوە گوتی مەسەلەی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان پێشتر لە ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران باس کرابوو و لە ئەنجامدا هەردوو لا ڕێککەوتن کە ئەو ئاڵوگۆڕە بەو شێوەیە ئەنجام بدرێت.

شایانی باسە وەزیری پێوەندییەکانی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی ڕۆژی پێنجشەمە سورپرایزێکی بۆ هاووڵاتییانی ئێران ئامادە کردووە بۆیەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە ئێران ئینترنێتی جیهانی دەپچڕێنێت و ئینترنێتی نیشتمانی و نێوخۆیی بەکار دەهێنێت.

ڕەبیعی لەو بارەیەشەوە ڕایگەیاند دەوڵەت هەرگیز بڕیاری پچڕانی ئینترنێتی جیهانیی نەداوە و چ ئێستا و چ لە داهاتووشدا هیچ بەرنامەیێکی بۆ ئەو کارە نیە چوونکە بوونی ئینترنێتی جیهانی بە پردی پێوەندی لەگەڵ جیهان دەزانێت و بە پچڕانی ئەو هێڵە زۆر پڕۆسەی ئابووری و زانستی لە وڵاتدا پەکی دەکەوێت.

News Code 96806

Your Comment

You are replying to: .
captcha