کوردپرێس:
کاژێر 18:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە 16ی سەرماوەزی 1398 بەرانبەر بە 07-12-2019 مۆڵەتی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کۆتایی هات. لە هەموو ئێران، بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، 16 هەزار و 145 کەس ناویان تۆمار کردووە کە زیاتر لە شەش هەزار کەسیان تەمەنیان لەنێوان 36 بۆ 45 ساڵدایە. و لە پارێزگا کوردنشینەکانیش
لە چوار پارێزگا کوردنشینەکەی خۆرئاوای ئێران ناوی هەزار و 334 کەس تۆمار کراوە و بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی شیاوبوونیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنەکەدا رەوانەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەکرێت.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوا 522 کەس ناویان تۆمار کردووە کە 472 کەسیان پیاو و 50 کەس ژنن. لەکۆی 12 پەرلەمانتاری ئەم خولە 10 کەسیان ناویان تۆمار کردووەتەوە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمجارە ناویان تۆمار کردووە 18% لە جاری پێشوو زیاترە.
هەروەها لە پارێزگای کوردستان 278 کەس ناویان تۆمار کردووە و بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایە، رێژەی ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە 30% زیاترە، واتە 65 کەس لە جاری پێشوو زیاترە.
لە پارێزگای کرماشانیش 405 کەس ناویان تۆمارکردووە کە 205 کەسیان لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری کرماشان و 200 کەسەکەی دیکەش لە پێنج بازنەکەی دیکەی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەن.
لە پارێزگای ئیلامیش 129 کەس ناویان تۆمار کراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نێوخۆی ئیران. لە ئاستی بازنەکانی هەڵبژاردن، زۆرترین ژمارەی بەربژێرەکان تایبەتە بە کرماشان و 205 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. هاوکات لە هەردوو بازنەی هەڵبژاردنی "سەردەشت و پیرانشار" و "کەنگاوەر، سەحنە و هەرسین" کەمترین ژمارەی بەربژێرەکان تۆمار کراون.
Your Comment