کوردپرێس:
دوو باڵی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسەت لە ئێران هەوراز و نشێوی تایبەتیان بینوە و ئەو دوو لایەنە سەرکییە بەردەوام شانە و جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و جێبەجێکارییان بە دەستەوە بووە و لە ماوەی 22 ساڵی ڕابردوودا وەک دوو بەرەی سەرەکیی دەسەڵات دەوریان بینوە. کە لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە هەوڵی هەردووک حیزبی ناوبراو بۆ پێشخستن و سەرخستنی گوتاری سیاسیی خۆیان زیاد دەکات. پاش دەستپێکردنی ناوتۆمارکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی پەرلەمانی ئێران جارێکی تر کەشی سیاسیی ئەو وڵاتە بۆتە ساحەی ڕکابەری و مونافیسەی نێوان دوو بەرەی سیاسیی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز. ئاسایییە کە لەم دۆخەدا حیزبە سیاسییەکان تێزی چوارسووچەی بانگەشەکردن کەڵک وەردەگرن. واتا خاڵە بەهێزەکانی خۆیان دەنوێنن و خاڵە لاوازەکانیان دەشارنەوە. لە بەرانبەردا خاڵە لاوازەکانی لایەنی بەرانبەریان بەرجەستە دەکەنەوە و خاڵە بەهێزەکانیان دەشارنەوە.
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس هەوڵی داوە لە سەروبەندی ئەم هەڵبژرادنەی پەرلەمانی ئێراندا سیاسەتی بێلایەنیی خۆی بپارێزێت و دوور بێت لە هەڵوێست وەرگرتنی حیزبی و بانگەشە کردن بۆ لایەنێکی دیاریکراو. بۆیە کوردپرێس بە تەرکیزکردن لە سەر ناوچە کوردنشینەکانی ئێران مەبەستیەتی ڕاپۆرتێکی تۆکمە لەبارەی کارنامە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەردوو بەرەی سیاسیی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز ئامادە بکات و وەک دۆسیەیێکی تایبەتی هەڵبژاردن بیخاتە بەر دیدی خوێنەرانەوە. هەر بەم مەبەستەش زنجیرە دیمانەیێکی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیر و هەڵسووڕاوی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانی ناسراو ئەنجام داوە. لەم دیمانەیەشدا کوردپرێس فەرهاد ئەمین پووری دواندووە کە وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی بەرجەستەی کورد ناسراوە.
دەقی گفتوگۆکەی کوردپرێس لەگەڵ فەرهاد ئەمین پوور لێرەوە بخوێنەوە:
کوردپرێس: ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی وەک قەبارەیێکی سەرەکیی پڕۆسەی سیاسی لە ئێران گۆڕانکاری و کێشەی زۆری بەسەردا هاتووە. ئەمەش هەڵگری بشێوە و لێکترازانی نێوخۆی حیزبەکەیە. ڕای ئێوە لەبارەی کێشەکانی بەرەی ڕیفۆرمخواز بە بەراورد لەگەڵ بەرەی بناژۆخوازی ئێران چیە؟
فەرهاد ئەمین پوور: تا پێش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بەرجام بکشێتەوە، مەوازنەی سیاسی لە ئێران بەگوێرەی بەشداریی دوو بەرەی سەرەکیی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز پێناسە دەکرا. هەڵبەت پێش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش کارتێکەر بوون لە لاوازبوونی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی. یەکەمیان ئەوە بوو کە حەسەن ڕۆحانی ناوبەناو بەرەو ڕەوتی بناژۆخواز دەکشا و ئەمەش پێچەوانەی دروشمەکانی میانەڕەو و ڕیفۆرمخوازان بوو. هۆکاری دووهەمیش ئەوە بوو لە لایەن بەشێکی بناژۆخوازانەوە لە سەر مەسەلەی بەرجام کۆمەڵێک لەمپەر بۆ دەوڵەت دروست دەکرا چوونکە بناژۆخوازان زۆر لە سەرکەوتنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و بەهێزبوونی ڕیفۆرمخوازان دەترسان بۆیە هەوڵی زۆریان دا ئەو ڕێککەوتنە لاواز بکەن.
پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ساحەی سیاسیی ئێران تا ڕادەیێکی زۆر گۆڕانی بەسەرداهات و چیتر ناکرێت وەک ڕابردوو خوێندنەوەی دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران تەنها لە دوو بەرەی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازدا کورت بکەینەوە. ئەو هەوڵانەی لە دەوڵەتی ئەحمەدینەژاددا دژی "چینی مامناوەندی نوێ" درا و لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1388 و پاشهاتەکانیدا بە ئاشکرا کەوتە سارا، ئەمڕۆکە بۆتە فاکتەرێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە بۆ لێکدانەوەی مەوازنەی سیاسیی ئێستا و ئەوەی لەو دۆخە دەردەچێت، بوونی هەردوو لایەنی سیاسیی خستۆتە مەترسییەوە.
بە ڕای من ئەو قەیرانەی هەر دوو بەرەی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز تووشی هاتوون بەربڵاوتر لەوەیە کە شوێندارنەرییەکەی تەنها داوێنی یەک لایەنی سیاسی بگرێتەوە. چوونکە خەسارەکە هەموو لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت هەموو سیستەمی حکومڕانی دەگرێتەوە. بەڵام وەک دەزانین دەسەڵاتی جێبەجێکار لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە دەست لایەنی میانەڕەو و ڕیفۆرمخوازەوە بووە بۆیەش قەیرانەکە زیاتر بە سیمای ئەو حیزبەوە دەردەکەوێت و لاوازی و تێکچوونی ڕواڵەتی ئەو حیزبە بەرجەستەتر و ڕوونتر دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەش بەرەی ڕیفۆرمخواز زیاتر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەکەوێتە خۆی و هەوڵی خۆیەکخستنەوە دەدات و بەرنامە و نەخشەڕێگاکانی خۆی زیاتر لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە پێوشوێنگری دەکات هەر بۆیەش خەسارەکەی زیاتر پێوە دیارە. پێ دەچێت لە سەر بنەمای هەمان لۆژیکی هەمیشەیی، بەشداریی کەمی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا بە قازانجی بەرەی بناژۆخواز بشکێتەوە بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا بناژۆخوازانیش ناتوانن ئەم سەرکەوتنە بکەن بە پاساو و حاشا لە قەیرانی قووڵی هەیکەلیەتی خۆیان بکەن و خۆیان لە کێشەی نێوخۆیی بە بێ بەری بزانن. نەخوازەڵا لەم کاتەدا کە بناژۆخوازانیش هیچ پلان و کارنامەیێکیان پێشکەش نەکردووە بۆ دەربازبوونی وڵات لەم قەیرانە ئابووری و سیاسییە.
کوردپرێس: بناژۆخوازان خۆیان بە نوێنەری بەرەی سەر بە ڕێبەری باڵای ئێران دەزانن و پاڵپشتیی ژمارەیێک لە دامەزراوە و لایەنە حکوومی و سەربازییەکانیشیان لەگەڵە و بەردەوام دەڵێن ڕەفتاری سیاسیی ئەوان تەعبیر لە ڕای ڕێبەری باڵای ئێران دەکات. ئەمەش خاڵێکی گرینگە و دەتوانێت لە تەنیشت بەشداریی کەمی ڕیفۆرمخوازان، ئاسانکاری بۆ سەرکەوتنی بناژۆخوازان بکات. خوێندنەوەتان بۆ ئەم مەسەلەیە چیە؟
فەرهاد ئەمین پوور: پاش سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی لە ئێران، پێکهاتەی دەنگی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکاندا گۆڕانی بەسەردا هات. ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە بەگوێرەی ئەرکی شەرعی دەهاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نزیکیی زیاتریان لەگەڵ ئایدیالۆجیای بەرەی حکومڕانی بوو و زۆر ڕژد نەبوون لە سەر مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران، بوون بە پێگەی جەماوەریی بناژۆخوازان. لە بەرانبەردا ڕیفۆرمخوازان ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە کار بۆ ئازادی و دیموکراسی و کاری کۆمەڵایەتی و پێشخستنی ئابووری وڵاتەکەیان دەکەن بۆیە ئەم ڕەوتە بەرەو چینی مامناوەندی نوێ یان چینی مامناوەندی شاری کشا. هەر کات ڕێژەی بەشداری کردنی هاووڵاتییان دابەزیوە، بناژۆخوازان پشتیان بە دەنگی نەریتیی خۆیان بەستووە و سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. ئێستاش قەیرانی سیاسی و ئابووریی وڵاتیان ئیهمال کردووە و دیسان پشتیان بە هەمان عەقڵیەتی پێشوویان بەستووە و چاوەڕوانن کورسییەکانی پەرلەمانی یازدەهەم مسۆگەر بکەن. بە بڕوای من ئەگەر ئەم قەیرانە درێژە بکێشێت، چیتر لۆژیکی دڵخوازی بناژۆخوازان لە هەڵبژرادنەکاندا کار ناکات و ڕێژەی دەنگەکانی ئەوانیش هەرەس دەهێنێت. ڕەوتی بناژۆخواز هیچ پلەن و ستراتێژیی ڕوونی بۆ دەربازبوونی ئێران لەم قەیرانەی ئێستا نیە و تەنها پشتی بە کۆمەڵێک دروشمی تایبەت لە سەر بنەمانی دژایەتی کردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەستووە کە لە هەمان کاتدا بنچینەی بەشێک لە کێشەکانی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان دژایەتی کردن.
کوردپرێس: بەگوێرەی ئەم وتانەی بەڕێزتان، ئایا لاوازبوونی هەردوو بەرەی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز و هەڵکشانی دەنگی ناڕازی، هۆشدارێک دێتە ئەژمار؟ ئایا ئەمە زەروورەتی تەگبیرێکی ئەساسی دێنێتە پێش چاوی حکوومەت؟
فەرهاد ئەمین پوور: ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕووی داوە لە هەیکەلییەتی کۆمەڵگەی ئێراندایە و ئەوەش زنجیرەیێک لە گۆڕانکاریی بەرفراوانە کە لە ئەنجامی هەندێ سیاسەتی هەڵەی 15 ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە و هەردوو لایەن بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی دۆخێک کە بە حەزی هیچ لایەنێکیان نیە. چینی مامناوەندی نوێی شاری کە لە ئەساسدا بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری سەرەکیی هەڵسووڕانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگیی دیموکراسییانە و مۆدێڕنن و لە ڕێگای بەشداری پێکردنی سەندیکاکان و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانەوە ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا بە هۆی کۆمەڵێک سیاسەتی تایبەتەوە بە تەواوەتی لاواز کراون و بەشێکی هەرە زۆری ئەو چینە بەرەو چینی کەم دەست و پەراوێزخراوی کۆمەڵگا گۆڕدراوە. تا بەر لە ڕووداوەکانی بەفرانباری 1396 هیوای ئەوە مابوو کە ئەو چینە مامناوەندە شارییە قورساییی هەبێت و لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناوەندگیرەکانەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی دەسەڵات بکات. بەڵام ناڕەزایییەکانی بەفرانباری 1396 و توندئاژۆیییەکان ئەوەی سەلماند کە ئەو چینە مامناوەندە بە تەواوی کەم تین بووە.
لە هەموو کۆمەڵگاکاندا حیزب و دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکان و سەندیکاکان کە نوێنەرایەتیی گەیاندن و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا دەکەن وەک واسیتە و ئانتی شۆکێک لە نێوان دەوڵەت و هاووڵاتییان پێناسە دەکرێن. ئەم ئانتی شۆکانە بەشێک لە زابیتە و چاوەڕوانییەکانی دەوڵەت بۆ هاووڵاتییان ڕوون و ئاسایی دەکەنەوە و لە بەرانبەردا هەندێک لە قەناعەت بە دەوڵەتیش دەهێنن کە هەندێک لە داواکارییەکانی هاووڵاتییان قبووڵ بکات و لە ئەنجامیشدا دەبنە هۆی ڕێگری کردن لە سەرهەڵدان توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتی بۆ گۆڕینی هەیکەلییەتی دەسەڵات. بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکات کە ئەو توێژە لە خۆیدا لاواز و دوورەپەرێز بووە، بە سەرکوتکردن و سنووردارکردنیش پەراوێز خراوە و لە ئەنجامدا چینی هەژاری کۆمەڵگا بەربەرەکانێ لەگەڵ حکوومەت دەکاتو ڕووبەڕووبوونەوەی پەتی لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتییان ڕووی داوە.
زۆرینەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکانی مانگی بەفرانباری 1396دا هاتنە سەر شەقام لە چینی مامناوەندی هەژار و کەم دەست و پەراوێزنشینەکانی شار بوون کە بە حوکمی خوێندەواری و کارتێکەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵگری خۆئاگایی و زانیاری لە سەر دۆخەکەی خۆیانن بەڵام لە بەرانبەردا نە دۆخی ئابوورییان گۆڕدراوە و نە واسیت و ناوەندگیریشیان پێ شکە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان. لە ڕاسیتدا ئەم بەشەی کۆمەڵگا لە ڕێگای دامەزراوەی واسیت و ناوەندگیر و ئانتی شۆکەوە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی خۆی ناکات و زمانی دەربڕینی داواکارییەکانی ئەم توێژە زۆر جیاوازە. ئەگەر سەرنجی خۆپیشاندانەکانی سێ قۆناغی 1388 و 1396 و 1398 بدەین جیاوازییەکە بە ئاشکرا لە دروشم و شێوەی دەربڕینی ناڕەزاییەکان دیارە. لە خۆپیشاندانەکانی 98دا ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان حاکمیەت و کۆمەڵگا توندتر و پەتری تر بوو و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم وەزعەش زۆر زەحمەت دەبێت. لە هەلومەرجێکی وەهادا کە تێکڕای ڕەوتە سیاسییەکانی ناوخۆ بە بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازیشەوە دەور و قورساییی ئەوسایان نەماوە و تووشی قەیرانی قووڵ هاتوون. نکۆڵی کردن لەم قەیرانانەش هیچ لە کێشەکە چارەسەر ناکات. چینی ناڕازی ئێستاکە هەڵگری داواکاریی پەتی و ڕووتن و لە ئەساسدا بە سندووقی دەنگدان و بە ڕێکخراوی مەدەنی و سیاسی پێوشوێنگیریی ئەم داواکارییانە ناکەن و حەزیان لە گۆڕانی لەسەرخۆ نیە. هەر بەو بۆنەیەشەوە دەڵێم وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە "بەڵێ"یە و ئەم دۆخەش پێویستی بە پێداچوونەوەی قووڵ هەیە.
کوردپرێس: جیاوازیی ناڕەزایییەکانی 88 و 96 و 98 لە ڕووی پێکهاتە و ناوەرۆکیشەوە وتەکانی بەڕێزتان پشتڕاست دەکاتەوە. سیمای ناڕەزایییەکان لە ناڕەزایی ئاشتییانە و مەدەنییەوە بەرەو توندوتیژی کشاوە و ئەمەش زەرووەتی پێداچوونەوە و چارەسەری خێرا و ڕیشەیی بەگوێدا دەهێنێت. لە هەلومەرجێکی وەهادا حکوومەتەکان چ بژاردەیێکیان لە بەردەستدایە بۆ دەربازبوون لە دۆخەکە؟
فەرهاد ئەمین پوور: تێکڕای خاوەن بیران لەو قەناعەتەدان کە سیستەمە سیاسییە ئیدئۆلۆژیکی و ئۆتۆریتەکان لە هەلومەرجی وەهادا دوو بژاردەیان لەبەردەستدایە: یەکەم ئەوەی مکووڕ بن لە سەر درێژەپێدانی دۆخەکە و پەراوێزخستن و ئیهمال کردنی هۆکارەکانی ئەو قەیرانە. ئەمەش بێگومان لێکەوتەی خراپ و توندئاژۆییی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دووهەم ئەوەی بەستێنی پێویست بۆ بووژانەوەی حیزبەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەندیکاکان و ڕۆژنامە و میدیای سەربەخۆ و هەڵبژاردنی ڕکابەرییانە و ئازاد فەراهەم بکرێت. ئەمەش ئاسانکاری بۆ چارەکردنی قەیرانەکە دەکات و لە مامناوەنددا دۆخەکە بەرەو باش بوون دەبات و ڕێژەی توندئاژۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دادەبەزێنێت.
ئێستا لە هەموو کات زیاتر، زەروورەتی هەوڵ دان بۆ بووژاندنەوەی چینی ناوەندگیر و ئانتی شۆک بەدی دەکرێت و ئەمەش پێویستی بە لێبوردن و ددان بەخۆداگرتنی حکوومەت و موداراکردن لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و میدیا و ڕۆژنامەکانە. چینی مامناوەندی شاری لە هەموو کۆمەڵگاکاندا داوای ئاسایشی سیاسی و ئابووری دەکەن. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1388دا پاش ئەوەی یەکەم کاردانەوە بەرانبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجام درا هاووڵاتییان گەڕانەوە ماڵە خۆیان. لەبەر ئەوەی ئەو چینە لە ئەساسدا بڕوایان بە توندوتیژی و خەرج کردنی باجی قورس نین، بەڵکوو داوا سەرەکییەکەی ئەم توێژە لە بازنەی "کراوەییی دیموکراسییانە"دا دەسووڕێتەوە. بەڵام چینی هەژار و پەراوێزنشینی کۆمەڵگا تنها یەک سەرمەشقی سیاسییان هەیە و بیر لە لێکەوتەو پاشهاتەکانیشی ناکەنەوە، ئەوەش گۆڕینی هەیکەلیەتی دەسەڵاتە.
کوردپرێس: لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا بینیومانە دەوڵەتەکان مامەڵەی جۆربەجۆریان لەگەڵ کەمینە و ئتنیک و ئاینزاکان کردووە. لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی کوردی ئێران بەردەوام لە هەڵبژاردنەکان بەشداریی فراوانی کردووە و بەتایبەتی دەنگی زۆرینەی کورد شوێندانەر بوو لە هەڵبژێردرانی دەوڵەتی دووهەمی حەسەن ڕۆحانی، شێوەی مامەڵەکردنی هەردوو ڕەوتی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز لەگەڵ مەسەلەی ئتنیک و ئاینزاکان و بەتایبەتی مەسەلەی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
فەرهاد ئەمین پوور: بەگشتی نە ڕیفۆرمخواز و نە بناژۆخوازیش هیچیان وەک پێویست مامەڵەیان لەگەڵ کەمینە و ئاینزاکان و بەتایبەتیش کورد نەکردووە بەڵام کەشی سیاسی و فەرهەنگیی زاڵی کۆمەڵگا لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕیفۆرمخوازان کۆمەڵێک جیاوازیی لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتی بناژۆخوازان هەیە. لە دەوڵەتە ڕیفۆرمخوازەکاندا بە حوکمی ئەوەی تا ڕادەیێک کراوەییی دیموکراسییانە هەبوو، بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتی بناژۆخوازان، زەمینەی چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی بۆ ئتنیک و ئاینزاکان و گەیاندنی داواکارییەکان ڕەخسابوو. هەر ئەم گەیاندنی داواکارییانە لە خۆیدا دەرفەتێک بوو بۆ کورد و کەمینەکانی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن پێداچوونەوە بە داواکارییەکانیاندا بکەن و لە داواکارییەکانیان قووڵ ببنەوە و شتی تازە بگەیێنن ئەمەش بوو بە هۆی بەدیهاتنی خۆئاگاییی زیاتریان. بۆ نموونە بە ئاشکرا جیاوازی هەیە لە ژمارەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەندیکاکان و دامەزراوە سیاسییەکان و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستان لە دوو دەوڵەتی خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد. هەر بۆیەش ئەوە حاشا هەڵناگرێت کە لە دەوڵەتە ڕیفۆرمخوازەکاندا کەشێکی کراوەتر بۆ کەمینەکان ڕەخساوە. هەڵبەت لێرە من تەنها هەڵسەنگاندنی نێوان دوو لایەنەکە دەکەم و مەبەستم ئەوە نیە بڵێم کارنامەی دەوڵەتە ڕیفۆرمخوازەکان سەرکەوتوو بووە. ئەمەی لێدەرچێت، بەگشتی لە سەر ئەو بڕوایەم سیاسەت و نەخشەڕێگای سەرەکیی هەردوو باڵی سیاسیی ئێران بەرانبەر بە کەمینەکان و ئاینزاکان جیاوازیی ئەوتۆیان لەگەڵ یەک نیە.
کوردپرێس: کوردی ئێران دەستی بە شانە و ناوەندی دەسەڵات ناگات. بە ڕای ئێوە دەبێت کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمان بکات؟
فەرهاد ئەمین پوور: لەم دۆخەی ئێستادا، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یازدەهەم نموونەیێکی تەواوە لە شپرزەییی سیاسی و هەلپەرستیی تاک و لایەنی تایبەت. بناژۆخوازان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن پشتیان بەستووە بە ناڕەزاییی کۆمەڵایەتی و ڕێژەی بەشداریی کەمی هاووڵاتییان بەڵام هیچ بەرنامە و نەخشەڕێگایێکیان بۆ دەربازبوونی وڵات لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا پێشکەش نەکردووە. ئەگەر سەرنجێکی کورتی لیستی بەربژێرەکان بدەین شپرزەیی و بێ بەرنامەیی و هەلپەرستی بە سیمای لیستەکەوە دیارە. بەڕای من لەم دۆخەدا ناکرێت وەڵامێکی ڕوون و ورد بۆ ئەم پرسیارە بدۆزینەوە کە کورد دەبێت ئێستا چ بکات.
بەگشتی لە نێو بیرمەندان و چالاکانی سیاسیی کورددا بەردەوام دوو ڕوانگە لەبارەی شێوەی مامەڵەکردنی کورد لەگەڵ دەسەڵات باو بووە. ڕوانگەی یەکەم ئەوەیە کە ململانێ و مەوازەنەی دەسەڵات لە ئێزان پێوەندیی بە کوردەوە نیە و کورد نابێت خۆی لەو یارییە سیاسییانەوە بتلێنێت و نابێت خۆی بکات بە ئامێری دەستی ڕەوتە سیاسییەکان. دیارە ئوپۆزسیۆن و لایەنی موعارەزە هەڵگری ئەم ڕوانگەیەن. دووهەم ڕوانگە ئەوەیە کە لە سەر بنەمای چالاکی کردن بۆ گەیاندن و بەدواداچوونی داواکارییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی دامەزراوە و چالاکانی سیاسیی کورد لە نێوخۆی ئەو دەسەڵاتە بە بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازەوە نوێنەرایەتیی ئەم ڕوانگەیە دەکەن. لە خولە پێشووەکاندا بەگوێرەی ئاڵوگۆڕی سیاسیی نێوخۆی وڵات، بەردەوام یەک لەو دوو ڕوانگەیە پێشی ئەوی دیکە کەوتووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لەم دۆخەی ئێستادا ڕوانگەی یەکەم تەواو لە حاڵی بەهێزبووندایە.
بە هەموو ئەمانەشەوە نکۆڵی لەوەش ناکرێت کە چارەنووسی بەشێکی زۆر لە کەمینە قەومی و ئاینزایییەکان گرێ دراوە بە چارەنووسی کۆمەڵگای ئێرانەوە. ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت، دوونواڕێکی شەفاف لەم بارەیەوە بەدی ناکرێت کە بۆ لێکدانەوە و شرۆڤە بشیێت بۆیە دەبێت چاوەڕوان بکەین بزانین ڕووداوەکان بەرەو چ ئاراستەیێک دەکشێن. لە لایێکی دیکەشەوە ئێستا کەشێکی داخراوتر هاتۆتە ئاراوە هەر بۆیەش گەیاندنی داواکارییەکان ئەوەش داواکاریی قەومی و ئاینزایی بە بەراورد لە ساڵانی ڕابردوو دژوارترە و پانتاییی هێڵە سوورەکان زیاتر دەکرێن. بە بڕوای من هەوڵدان بۆ پێوشوێنگیریی داواکارییەکان لە ڕێگای دوو بەرەی سیاسیی بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازەوە چیتر سوودی ئەوتۆی نابێت چوونکە هەردوو ڕەوتی سیاسی، تووشی قەیرانی شەرعیەت هاتوون و دەبێت کورد بیر لە دۆزینەوەی ڕێگای تازە بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕاستەوخۆ لە مەوازەنەی دەسەڵاتی سیاسیی لە ئێران خاوەن قورسایی بێت.
دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی/ بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
Your Comment