کوردپرێس:
شاندی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەمە 10ی سەرماوەزی 1398 بەرانبەر بە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 بۆ گفتوگۆی کۆتایی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە سەر بودجەی 2020 و هەروەها مەلەفی نەوت گەیشتە بەغدای پایتەخت و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆکان بەردەوام بووە و لە ئەنجامدا ڕاگەیێندرا کە هەردوو لا ڕێککەوتنی کۆتایییان واژۆ کردووە.
شیروان میرزا لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: پاش ڕێککەوتنەکە بەشێک لە وەفدەکەی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر بەڵام بەشێکیان لە بەغدا ماون کە زیاتر خەڵکی تەکنیکین. وەفدەکە گفتوگۆیێکی سەرکەوتووانە و باشیان کردووە لە بارەی ئیستحقاقی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 و پڕۆژەیاساکەش بەم زووانە تەواو دەکرێت و دەنێردرێتە پەرلەمان. ئەوەی کە گرینگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات کە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ-وە دەیفرۆشێت. لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق مووچەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت و هەندێک وردەکاریی دیکەش هەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ڕەقەمی دیاریکراو بۆ بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند ڕەقەمەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و تا ئێستا هیچ ڕەقەمێک دیاری نەکراوە و لە یەک و دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕەقەمی داخڵی مەوازەنە دەکەن.
ناوبراو زیادیشی کرد نرخی نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 بە ڕێژەی 56 دۆلار دیاری کراوە و نەفەقاتی ساڵی 2020ی عێراق 122 ترلیۆن دینارە لەبەر ئەوەی 15 فەقەرەیان لە سیادی لابردووە و تەبعەن ئەو 15 فەقەرەیە دەگەڕێتەوە سەر غەیرە سیادییەکان و دابەش دەکرێت بە سەر ئەو بەشانەدا بۆیە پشکی هەرێمیش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و تا ئێستا ڕەقەمەکە دیاریکراو نیە.
شیروان میرزا لەبارەی ڕێژەی 12 لەسەدی ساڵی 2019 کە بۆ هەرێم دیاری کرابوو بە کوردپرێسی وت تەسەور دەکەم ئەمساڵ باسی ڕێژە نەکرێت چوونکە ئێمە حەساسیەتمان بە ڕەقەمی 12 لە سەد هەیە و بەغداش حەساسە لە سەر ڕەقەمی 17 لە سەد. بەڵام دوو لایەن ڕەنگە لە سەر ڕەقەمێک ڕێکبکەون و تەسەور دەکەم پشکی هەرێمی کوردستان بە تەخمینی ترلیۆنێک دیناری مانگانە بێت.
لە میدیاکان باسی ئەوە دەکرا کە بەغدا ڕازی بووە بە خەرج کردنی قەرزی ئەو کۆمپانیاگەلە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. شیروان میرزا ئەو بابەتەی ڕەت کردەوە و بە کوردپرێسی وت: لەو 200 هەزار بەرمیل نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێم قەرزی کۆمپانیاکان دەدات بەڵام بە ئاگاداریی کۆمپانیای سۆمۆ. عەقدەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە تەتبیق دەکرێت و حسابی ئەوە دەکرێت کە ئایا ئەو 200 هەزار بەرمیلەی دەمێنێتەوە بەشی ئیستهلاکی هەرێم و ئیتحقاقی شەریکاتی نەوت دەکات یا نە.
بە گۆڕدرانی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی بۆچوونی زۆر لەبارەی ئایندەی عێراق دێتە ئاراوە و ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردوویەتی دیار نیە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات. شیروان میرزا لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: ساڵی ڕابردووش عەبادی پێش ئەوەی واز لە پۆستەکەی بهێنێت مەوازنەی 2019ی ناردە پەرلەمان. دوایی کە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پێکهات مەوازنەکە چووە حکوومەت و حکوومەت دەستکاریی کرد. گرینگ ئەوەیە کە دەوری هەرێمی کوردستان لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکەدا گرنگە و هەر حکوومەتێک بێت دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێکبکەوێت. ئەگەر پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان تێپەڕێت و ببێتە یاسا ئەوا حکوومەتی داهاتوو دەبێت پێبەندی بێت بەڵام ئەگەر مەوازەنەکە تێنەپەڕێنێت حکوومەتی داهاتوو بۆ خۆی پڕۆژەیاسایێکی نوێ ئاراستە دەکات و ئەو کاتە حاڵەتێکی ترە.
ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەگەری تێنەپەڕاندنی پڕۆژەیاسای 2020 لە پەرلەمان بە کوردپرێسی وت: بە دڵنیایییەوە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە ئاسان نیە. گرینگ ئەوەیە ڕێککەوتنەکە لە حکوومەت کراوە و ئێمەش بتوانین لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان هەڵی چەسپاندنی بدەین. بەڵام موجاهەدات زۆرە لە نێو پەرلەمانی عێراق و خەڵک قسە بۆ پیشاندەران دەکات و دەنگێکی عام خولقێندراوە کە بەغدا پارە دەنێرێت بۆ هەرێم بەڵام هەرێم نەوت ڕادەست ناکات. ئێستا کە هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەست دەکات تەسەور دەکەم مەسەلەکە ئاسانتر بێت.
شیروان میرزا لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە لە پەرلەمانی عێراق بە دیاریکراوە کوتلەیێکی تایبەت دژایەتیی کورد ناکات بەڵام لە ناو هەندێک لە کوتلەکان ئەشخاسێک هەن کە قسە بۆ شەقامی عێراقی دەکەن.
Your Comment