کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەمە 10ی سەروماوەزی 1398 بەرانبەر بە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 کۆنفڕانسی هاوبەشی ئابووریی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئوتێل پارسیانی ئازادیی هەرێم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.
لە کۆنفڕانسەکەدا شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێم ڕوو لە زیادبوونە و ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکە ساڵانە دەگاتە 6 ملیار دۆلار.
ناوبراو زیادی کرد بەرهەمە ئێرانییەکان بە کوالێتییێکی گونجاو نرخێکی باش دەگاتە هەرێمی کوردستان و هەر ئەوەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێم.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەرێمی کوردستان داواشی کرد کونسووڵخانەی ئێران ئاسانکاری بکات بۆ ناساندن و ئاشناکردنی بازرگان و سەرمایەدانەرانی ئێران و کوردی هەرێم بۆ ئەوەی ئاستی هاوکارییەکانی دوو لایەن بەرزتر ببێتەوە.
لای خۆیەوە سکرتێری ژووری بازرگانیی ئێرانیش وتارێکی پێشکەش کرد و لەو وتارەدا ڕەخنەی لە ستایل و شێوەی ناردنکاری لە ئێران گرت و گوتیشی دیار نییە بەرپرسی سەرەکیی ناردنکاری لە ئێران کێیە.
Your Comment