کوردپرێس: ئەمڕۆ شەممە 2019.11.30 لە پەراوێزی پانێلێک جووتیار عەلی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەمواری دەستووری عێراق، لە سلێمانی لە لێدوانێکدا لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا بە کوردستان 24ی گوت: "سبەی شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و ئەمەش درێژەی ئەو کۆبوونەوانەیە کە پێشتر و پێشتر ڕێک کەوتوون، ئەبێت ئەو جۆرە پەیوەندی و کۆبوونەوانە بەردەوام بن".
لەبارەی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمهەدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕای گەیاند: "ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە، چونکە ئەم حکوومەتە ئێستا کاربەڕێکەرە، بۆیە 30 ڕۆژ لە کاربارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت و ڕێککەوتنی باش و هەنگاوی باش نراوە، بەڵام هەندێ شت ماون گەر باسیان لەبارەوە بکرێت و جارێ سەداسەد ڕێککەوتن نەکراوە و دەبێ هەندێ شت یەکلا بکرێنەوە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان زامن بکرێن".
جووتیار عادل ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە نامانەوێ جارێ بڕۆینە ناو وردەکارییەکانەوە و دوای ئەوەی کە هەمووی تەواو ئەبێ و ئەگەر ڕێک کەوتین، ڕێککەوتنەکە ڕادەگەیەنین و نیازپاکیش هەیە و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دروست بوونی سەردانی بەغدای کرد و نیازپاکیی خۆی نیشان داوە و بەختەوەران حکوومەتی عێراقیش چەند هەنگاوێک هاتووەتە پێشەوە و ئێمەش بەپێی ئەو لیژنانەی کە دانراون، وردییەکاییەکانمان خستووەتە روو و هەندێ شت تەواو بوون و هەندێ شتی دیکەش ماون و ستراتیجیەتی ئێمە هێشتا ئەوەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک بکەوین، بە مەرجێک لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت".
لەبارەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، جووتیار عدل گوتی: "دەبێ بوودجەی عێراق پەسەند بکرێت و هیچ مەجالی تێدا نییە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment