مەسروور بارزانی بۆ ئه‌ردۆغان: هه‌رێم فاكته‌ری سه‌قامگیریی ئاسایش و ئارامی ده‌بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆبۆوه‌، بارزانی دوپاتیكردۆته‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ری سه‌قامگیریی ئاسایش و ئارامی ده‌بێت له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌.

کوردپرێس:

له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا، مەسروور بارزانی، له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا پێشوازیلێكرا و كۆبونه‌وه‌، كه‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماده‌یبوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاندنی نوسینگه‌ی مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی نێوان مەسروور بارزانی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كرا و جه‌خت له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ و رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ كرایه‌وه‌.

نووسینگه‌ی مەسروور بارزانی ده‌شڵێت، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ری سه‌قامگیریی ئاسایش و ئارامی ده‌بێت له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و خواستی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی بازرگانی و ئابووری پیشاندا.

نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم تیشكیشی خستۆته‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مەسروور بارزانی له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، كه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان كرا، به‌ تایبه‌ت بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی بواری بازرگانی و ئابووری.

پێشتریش مەسروور بارزانی و مه‌ولود چاوشئۆغڵو له‌ پرێس كۆنفرانسێكی هاوبه‌شدا ورده‌كاریی كۆبونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنیان له‌ باكوری سوریا دژی كورد نییه‌، به‌ڵكوو دژی په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌یه‌.

چاوشئۆغڵو رونیشیكرده‌وه‌ "له‌مه‌ودوا هه‌نگاو بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عیراق ده‌نێین".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم وتی "په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ و توركیا گرنگ و مێژوویی و ستراتیژین، له‌ ماوه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ماندا قسه‌مان له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌ هاوبه‌شه‌كانمان كرد".

مەسروور بارزانی وتیشی "به‌داخه‌وه‌ كۆنتڕۆڵی شنگال له‌ژێر ده‌ستی ئێمه‌دا نییه‌ و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیراقدایه‌ و ئێمه‌ گوتومانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ نین له‌ شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 96694

Your Comment

You are replying to: .
captcha