به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌کر بووزداغ جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ده‌ڵێت: ساڵی 2018 بۆ چاره‌سه‌رکردنی سیاسیی قه‌یرانی سووریا ساڵێکی گرینگ ده‌بێت.
بووزداغ له کۆنگره‌ی خۆجێییی پارتی داد و گه‌شه له جیلان پیناری پارێزگای شانلی ئۆرفا ڕایگه‌یاند: "ئێمه هیوادارین ساڵی 2018 ساڵێکی گرینگ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی سیاسیی قه‌یرانی سووریا بێت چوونکه کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی تورکیا، ڕووسیا و ئێران له سووچی ده‌رئه‌نجامێکی گرینگی هه‌بوو."
ڕۆژی 22ی نۆڤێمبێر سه‌رۆک کۆمارانی ڕووسیا، ئێران و تورکیا له شاری سووچیی ڕووسیا دیداریان کرد و گۆڕانکارییه‌کانی سووریایان خسته به‌ر باس و لێکدانه‌وه. ڤیلادیمیر پووتین، حه‌سه‌ن ڕۆحانی و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان گه‌یشتنه ڕێککه‌وتن که کۆنگره‌ی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ڕێگهچارهیێکی ئاشتییانه بۆ پێکدادانه‌کانی سووریا له‌و شاره به‌ڕێوه بچێت.
جگه له‌وه‌ش، له خولی هه‌شته‌می دانووستانه‌کانی ئه‌ستانه‌ش هه‌ندێ ڕاگۆڕینه‌وه له‌باره‌ی ئاماده‌کارییه‌کان بۆ به‌ڕێوه چوونی کۆنگره‌ی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا ئه‌نجام درا. تورکیا دژ به ئاماده‌بوونی کورده‌کان له‌و دانیشتنه‌یه و هه‌موو توانای دیپلۆماتیکی خۆی بۆ بانگهێشت نه‌کردنی کورده‌کان بۆ ئه‌و کۆنگره خستۆته گه‌ڕ.
تورکیا هه‌ڵوێستی خۆی له به‌رانبه‌ر پرسی سووریا و حکوومه‌تی ئه‌و وڵاته گۆڕیوه و چیتر پێداگری له‌سه‌ر وه‌لاوه‌نانی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته له ده‌سه‌ڵات ناکات. له به‌رانبه‌ردا داوا له هاوپه‌یمانانی ئه‌سه‌د ده‌کات ڕێگری له به‌هێزتر بوونه‌وه‌ی کورده‌کان له باکووری سووریا بکه‌ن.
سه‌رچاوه: یه‌نی شه‌فه‌ق
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment