بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدا هاتووە:
لە دوو رۆژی رابردوودا چەند گرووپێكی ئاژاوەگیڕ لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، بەناوی خۆپیشاندانەوە پەلاماری شوێنە گشتییەكان و دامەزراوە حكوومی و حزبییەكان و پەلاماری ماڵی هاووڵاتیان و دووكاندار و بازاڕی خەڵكیشیان داوە. بە سووتاندن و تێكدان و تەنانەت بە شڕەخۆریش، رەوشێكی نالەبار و دژواریان لەناو شارەكاندا دروست كردووە، دیمەنێكی شێواویان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک دروست كردووە و بوونەتە مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانیش.
هەروەها دەڵێن "ئێمەش كە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیان و موڵكی گشتی و دەزگا خزمەتگوزراییەكانی شار و شارۆچكەكان بەتایبەتی و خزمەتگوزاریی وێستگەكانی ئاو و كارەبا لەم بارودۆخە دژوارەی زستاندا لە ژێر هەر ناونیشان و پاساوێكدا ئەم جۆرە رەفتارە نادیموكرات و ناشارستانی و ئاژاوەگێڕییە قبووڵ ناكەین، و بەتوندی رەتی دەكەینەوە."
دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان..
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
لە دوو رۆژی رابردوودا چەند گرووپێكی ئاژاوەگیڕ لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، بەناوی خۆپیشاندانەوە پەلاماری شوێنە گشتییەكان و دامەزراوە حكوومی و حزبییەكان و پەلاماری ماڵی هاووڵاتیان و دووكاندار و بازاڕی خەڵكیشیان داوە. بە سووتاندن و تێكدان و تەنانەت بە شڕەخۆریش، رەوشێكی نالەبار و دژواریان لە ناو شارەكاندا دروست كردووە، دیمەنێكی شێواویان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک دروست كردووە و بوونەتە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانیش.
ئێمە وەک یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا پابەندبوونی خۆمان بە پرەنسیپەكانی ئازادیی و دیموكراسی و مافی خۆپیشاندان و داخوازی رەوای كۆمەڵانی خەڵک دووپات دەكەینەوە و خۆمان بە بە پێشەنگی چەسپاندنی ئەو پرەنسیپانە لە یاساو بنەما سیاسییەكانی حزبەكەمان دەزانین، رایدەگەیەنین ئەم كردەوە و رەفتارە ناجۆرانە لە تێكدان و سووتاندن و ئاژاوەگێڕیی بەهیچ شێوەیێک لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین و خۆپیشاندانی مەدەنی و یاسایی ناگونجێت. ئێمەش كە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیان و موڵكی گشتی و دەزگا خزمەتگوزراییەكانی شار و شارۆچكەكان بەتایبەتی و خزمەتگوزاریی وێستگەكانی ئاو و كارەبا لەم بارودۆخە دژوارەی زستاندا لە ژێر هەر ناونیشان و پاساوێكدا ئەم جۆرە رەفتارە نادیموكرات و ناشارستانی و ئاژاوەگێڕییە قبووڵ ناكەین، و بەتوندی رەتی دەكەینەوە. پێمانوایە داوای رەواو شەرعیی و دادپەروەرانە سەبارەت بە مووچە و گوزەران و ژیانی شایستە بۆ هاووڵاتیان و تێكەڵ كردنی ئەمانە لەگەڵ كاروكردەوەی ناڕەوا و تێكدەرانە و ئاژاوەگێڕانە و رەفتارێكی ترسنۆكانەیە و زیان بە داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەرانی ئاسایی دەگەیەنێت.
هەروەها ئەوەش رادەگەیێنین كە هاندان و دنەدانی میدیا ئاراستەكراوەكان بۆ ئاژاوەگێڕیی بەناوی ئازادیی كاری میدیاییەوە هەرگیز پەسەندكراو نییە. خوێنی هەموو ئەو كەسانەش كە دەكرێنە قوربانی بەهۆی هاندانی نابەرپرسانەوە لە ئەستۆی ئەو كەناڵانە و ئەوانەدایە كە بە ئەجێندای ئاژاوەگێڕیی ل ەپشتیانەوەن.
داوامان لە دادگا و دەزگا یاسایی و دامودەزگا بەرپرسەكانە كە بەرپرسیارێتی وەزیفی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان و شارو شارۆچكەكان لە ئەستۆی خۆیان بگرن و ئیجرائاتی قانوونی رەوا و پێویست دژی ئاژاوەگێڕان و گرووپی پشتیانەوە بگرنەبەر.
بەو بۆنەیەشەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەک داواشمان كردووە روو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە كە هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ باشتركردنی گوزەران و سیستمی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەت بەگشتی بخاتەگەڕ، بەتایبەتیش هی مامۆستایان و هەروەها هی پێشمەرگە و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش كە پارێزەری ئاشتی و پارێزەری سەروماڵی هاووڵاتیانن و دوو رۆژی رابردوو ئەركی زۆریان بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی لە ئەستۆ بووە.
داوا لە هەڤاڵان و تێكۆشەران و جەماوەری سەربەرزی یەكێتیش دەكەین كە خۆیان و كەسوكاریان هەزاران هەزار قوربانیان بۆ ئازادیی كوردستان داوە، وەک هەمیشە داكۆكیكاری سەرسەختی رێبازی نیشتمانی و دیموكراسی حزبەكەیان بن، كە رەوتی دەیان ساڵەی خەباتەكەی سەلماندوێتی هەر ئەوە لە تەنگانەدا پارێزەری دیموكراسی و ئازادی و مافی مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵكی كوردستانە و حزبەكەتان و ئۆرگانەكانی لەگەڵ حزبەكانی تر كە نیشانەی فرەییە، بپارێزن. بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لە ئاسوودەیی و ئاسایشدا بژین و دیموكراسی و ئازادیییەكەیان پارێزراو بێت لە دەست ئەوانەی سەلماندیان مانای دیموكراسی و ئازادی و فرەیی نازانن.
داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، كە دیمەنی دیموكراسیی كوردستان پێكدێنن، بەرپرسانە سەنگەری خۆیان لە بەرەی پاراستنی ئەم ئەزموونەی كوردستان پتەو بكەن و بەشداربن لە پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە هەر هەڕەشەیەكی ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستانی خۆ مەڵاسدەر كە ئەجێندای دوژمنانی گەلەكەمان جێبەجێ دەكەن.
پاراستنی ئەو ئەزموونە بەبەشداریی هەموومان هەلومەرجێكی لەبارتر بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنێكی دیموكراتی و پاک و بێگەرد فەراهەم دەكات، بۆ هێنانەكایەی حكوومەتێكی نوێ كە لەگەڵ خواستی قۆناغێكی نوێی گەلەكەمان و هێزە سیاسییەكاندا بگونجێت كە حكوومەتێكی دیموكرات و خزمەتگوزار بێت.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment