خەڵکی هەرێمی کوردستان ئۆمێدیان بە ئیسڵاحاتی سیاسی نەماوە/ پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا ئەستەم کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕابوون مەعرووف نوێنەری سەربەخۆی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەڵێت: تەنها ڕێگای دەربازبوون لە قەیرانەکانی ئێستاکەی هەرێمی کوردستان گۆڕینی دەسەڵاتدارانە و جەختیش دەکاتەوە کە خەڵکی کوردستان ئۆمێدیان بە ئیسڵاحاتی سیاسی نەماوە و بۆ یەکەم جار داوای گۆڕدرانی حکوومەت دەکەن.

دەقی لێدوانەکەی ڕابوون مەعرووف لەگەڵ کوردپرێس:

کوردپرێس: لێکدانەوەی ئێوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی هەرێم چییە؟

ڕابوون مەعرووف: دوای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم لە 24 ساڵ پێش ئێستا ساڵ بە ساڵ خەڵکی کوردستان لە حکوومەت و پارتی و یەکێتی نائۆمێد بوون کە بتوانن چاککاری بنەڕەتی بکەن، کوردستان ئاوەدان بکەنەوە و گوزەرانی خەڵک خۆش بکەن یا بتوانن خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی کارەبا و ئاو و ڕێگاوبان و ئەو بابەتانەیان بۆ دابین بکەن، بە تایبەت دوای ڕیفراندۆمەکە کە بە سەرکردایەتیی بارزانی بەڕێوە چوو کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورستر بوەتەوە ئێستا حکوومەتی هەرێم تەنانەت توانای دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نییە بۆیە خەڵکی کوردستان چیتر ئۆمێدیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکارەکانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەماوە کە بتوانن چاککاریێکی بنەڕەتی بکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکەن.

کوردپرێس: لەم خۆپیشاندانەدا لە شارۆچکەی پیرە مەگروون بارەگای هەر پێنج حیزبەکە سووتێندرا لە لایەن خەڵکەوە، ئەمە چی پەیامێکی هەیە؟

ڕابوون مەعرووف: یەکەم پەیامی ئەم ڕووداوە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان پێی وایە کە هەر حیزبێک سەربە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەشێکە لەم پڕۆسەیە لەو بارۆدۆخە خراپەی کە بەسەر خەڵکی کوردستان هاتووە و ئاراستەی دووهەمیشی ئەوەیە کە خەڵک نائۆمێد بوون لەوەی کە بتوانن لە ڕێگای ئاشتییانەوە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی بکەن لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم حکوومەتی هەرێمە دەبێت هەرگیز بیر لەوە نەکاتەوە پەنا بۆ بەکار هێنانی هێزی چەکدار بکات لە دژی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی.

کوردپرێس: لە 2011وە بە دوا چەندین جار لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان کراوە، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو چییە؟

ڕابوون مەعرووف: جیاوازیی بنەڕەتیی ئەم خۆپیشاندانە لەگەڵ هەموو خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو ئەوەیە کە لە هەموو خۆپیشاندانەکانی ڕابردوودا داوای جۆرێک چاککارییان کردووە و لیستێک داخوازییان هەبووە کە حکوومەتەکەی پارتی و یەکێتی جێبەجێی بکەن، بەڵام بۆ یەکەمین جارە کە خۆپیشاندەران هیچ داخوازییێکیان لە یەکێتی و پارتی نییە بەڵکوو داوای ڕووخاندنی حکوومەت دەکەن.

کوردپرێس: پێتان وایە لەم بارودۆخەی ئێستاکەدا کە هەرێم تووشی گەمارۆ بووە، دەرفەتی ئەوە هەیە کە حکوومەتێکی دیکە پێک بهێنرێت کە چارەسەرێکی بۆ ئەم قۆناغە ببێت؟

ڕابوون مەعرووف: بەڵێ دەرفەت هەیە، هەموو ئەو قەیرانانەی کە ئێستا بەسەر خەڵکی کوردستان هاتوون و هەرێم ڕووبەڕوو بوەتەوە بە هۆی ئەو سیاسەتەیە کە بارزانی و پارتی و ئەوانەش کە لە یەکێتییەوە پشتگیرییان دەکەن. ئێمە ئەو سیاسەتە دەگۆڕین و پێوەندییەکانمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبەینە پێش و چاکی دەکەین پێوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باش دەکەین پێوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باش دەکەین و نابینە باعیسی بشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و ئەم سیاسەتە ئاشتییانەیە و ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای لێک تێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دەوەرووبەر و بەغدا دەبێت.

کوردپرێس: پاش 26 ساڵ دەسەڵات پارتی و یەکێتی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە پێتان وایە هەر دەوڵەتێک پێک بێت دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە بگۆڕێت؟

ڕابوون مەعرووف: ئێمە ئاگادارین کە ژیانی دامودەزگاکان لە لایەن پارتی و یەکێتی هەموو داگیر کراوە و هیچ دەزگایێکی حکوومی سەربەخۆمان نییە، بەڵام ئێمە ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی دژە تیرۆر و هەروها دامودەزگاکانی تری دەوڵەت لە هەنگاوی یەکەمدا لەگەڵ ئەو گرووپە گەندەڵەی پارتی و یەکێتی و حکوومەتەکەیان جیا بکەینەوە، واتا ئێمە بانگەوازی ئەوە دەکەین کە تەنها حکوومەتەکە بڕووخێت، هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر و پارێزگاری بمێننەوە. ئەو حکوومەتەی کە بە پشتگیریی خەڵک و شۆڕشی جەماوەری دێتە سەر دەسەڵات لە کەناڵی یاساییەوە ئیسڵاحات لەو دامودەزگایانەدا بکات.

کوردپرێس: هۆکاری ئەوەی کە بەغدا وەڵامی هیچ داواکارییێکی حکوومەتی هەرێمی بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆ نەداوەتەوە چییە؟

ڕابوون مەعرووف: سەرەڕای ڕەخنەکانمان لە حکوومەتی بەغدا بەڵام ئەوە پێوەندی بە هەرێمەوە هەیە، ئەم جەماعەتە گەندەڵە بە درێژایی مێژوو هەزاران دولاریان دزیوە و لە بانکەکانی ئەورووپا شاردوویانەتەوە و بارودۆخێکیان خولقاندووە کە شەفافییەت لە گومرگەکان لە فڕۆکەخانەکان و داهاتی ناوخۆیی ببێت بە کارێکی ئەستەم. پارتی و یەکێتی ژیانی حیزبایەتییان لەسەر ئەوە دروست کردووە کە مانگانە پێویستی بە ملیۆنها دۆلار هەیە کە بەڕێوە بچێت. لیستێکی مووچە خۆرانیان دروست کردووە لە هەرێمێکی بچووکدا کە تەنها سێ شاری سەرەکیمان هەیە و ژمارەی دانیشتوانمان لە نێوان چوار ملیۆن و نیو بۆ پێنج ملیۆنە، بەڵام بۆ دروست کردنی ژیانی سەرتاپاژێری حیزبی ملیۆنێک و دووسەد و پەنجا هەزار مووچە خۆریان دامەزراندووە لە هەرێم، بەڕاستی لە توانای هیچ حکوومەتێکدا نییە لە سەر گۆی زەوی بتوانێت بۆ هەرێمۆچکەیێک وەکوو هەرێمی کوردستان ئەم لیستی مووچەخۆرانە دابین بکات. دەیان هەزار کەسیان بە پلەی باڵای وەزیر و موستەشار و وزەرای عام پیشان داوە بەبێ ئەوەی کە ڕۆژێک ئیشیان بۆ حکوومەت کردبێت. هەموو ئەمانەیان بە پلەی باڵا باڵا تەقاعود کردووە، دەیان هەزار کەسیان لە پەنای پێشمەرگە و پلەی باڵای پێشمەرگە تەعین کردووە کە نەک هەر پێشمەرگە نەبوون بەڵکوو ئەوانە جاشی ڕژیمەکەی سەدام حسێن بوون و خەڵکی کوردیان کوشتووە و خەڵکی کوردیان ئەنفال کردووە ئەم بارودۆخە کە یەکێتی و پارتی دروستیان کردووە، ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کردووە بە شتێکی ئەستەم.

کوردپرێس: وەکوو ئاگادارن حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی نێودەوڵەتیی دەست پێکردووە بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، نرخاندنتان بۆ ئەم هەوڵە چییە؟

ڕابوون مەعرووف: بەداخەوە بارودۆخێک خولقاوە لە هەرێمی کوردستان کە ئەلتەرناتیڤێکی تۆکمە و بەهێز ئامادە نییە کە بێت ئەم حکوومەتە بگرێتەوە. ئێمە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین کە پشتگیریی پارتی و یەکێتی نەکەن بەڵکوو پشتگیری لە خەڵکی کوردستان بکەن. هەر وڵاتێک کە پشتگیری لە پارتی و یەکێتی بکات تەنگژە و قەیرانی سیاسی بۆ خۆی دەخولقێنێت، ئێمە بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین پشگیری خەڵکی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی کۆتای بە حکوومەتی دز و تاڵانچییان بێننن.

کوردپرێس: پێش بینیتان بۆ داهاتووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چییە؟

ڕابوون مەعرووف: من هیچ گومانم نەماوە تا ئەو کاتەی حکوومەت و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە دەستی پارتی و یەکێتیدا ببێت بارودۆخەکە بەرەو ئاقاری خراپتر دەبات و هەروەها بۆشای دەکرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی هێزی تیرۆریست وەکوو داعش و قاعیدە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تر.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9528

Your Comment

You are replying to: .
captcha