سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان: داوای ده‌ستبه‌جێ ئازاد کردنی ڕابوون مه‌عرووف ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له ‌ناو خۆپیشانده‌رانی شاری سلێمانی هێزه‌کانی ئاسایش، په‌رله‌مانتار (ڕابوون مه‌عرووف)یان ده‌ستگیر کرد و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان داوا ده‌کات ده‌ستبه‌جێ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئازاد بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ناو خۆپیشانده‌رانی شاری سلێمانی ڕابوون مه‌عرووف نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رکرده‌یێکی لیستی به‌ره‌ی نوێی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیر کرا.

یووسف محه‌مه‌د سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان به‌یاننامه‌یێکی بڵاو کرده‌وه‌ و ده‌ستگیر کردنی ڕابوون مه‌عرووفی به‌ پێشێل کردنی یاسا ڕاگه‌یاند و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ په‌رله‌مانتار خاوه‌نی پارێزبه‌ندیی یاسایییه‌.

ناوبراو وتیشی: داوای ده‌ستبه‌جێ ئازاد کردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ و هه‌موو هاووڵاتییانی‌تر ده‌که‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناو خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌ستگیر كراون.

یووسف محه‌مه‌د داوای له‌ هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش و چالاکه‌ مه‌ده‌نییه‌کانیش کرد خۆیان به ‌دوور بگرن له‌ ته‌قه‌ کردن و ئازاردانی خۆپیشانده‌ران.

ناوبراو له‌ کۆتاییی به‌یاننامه‌که‌دا داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌کات به ‌هه‌موو شێوه‌یێک دوور که‌ونه‌وه‌ له ‌کاری توندوتیژی و هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر باره‌گای حیزبی و ده‌وڵه‌تییه‌کان و موڵک و ماڵی گشتی و تایبه‌ت و به‌ ئارامی و به‌رده‌وامی خواست و داواكارییه‌ ڕه‌وا و مه‌ده‌نییه‌كانیان دژ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شکست‌خواردوووه‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9504

Your Comment

You are replying to: .
captcha