ڕێژەی شەڕ و هەرا لە مەهاباد سەتا ١٠ بەرز بۆتەوە/ دزی سەتا ١١ دابەزیوە

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی شارستانی مەهاباد دەری‌بڕی ڕێژەی شەڕ و هەرا لە شارستانی مەهاباد لەچاو پارساڵ سەتا ١٠ بەرز بۆتەوە و لە هەمان ماوەدا ڕێژەی دزی سەتا ١١ دابەزیوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرهەنگ ڕەزا زەهیریان فەرماندەی ئینتیزامیی مەهاباد لە شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئیداریی شارستان ڕای‌گەیاند: بەگوێرەی ئاماری ٨ مانگەی ئەوساڵ ڕێژەی شەڕ و هەرا لەچاو هاوماوەی ساڵی پێشوو سەتا ١٠ بەرز بۆتەوە.

سەرهەنگ زەهیریان زیاتر وتیشی: مانگی خەزەڵوەری ئەوساڵ لە چاو خەزەڵوەری ساڵی پێشوو سەتا ٣٠ دابەزینی شەڕ و هەرا لە مەهاباد دەبینین بەڵام بە گشتی ئامارەکان بەرز بوونەوەی ئەم دیاردەیەمان پیشان دەدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد هەر لەم ماوەیەدا سەتا ١١ ئاماری دزی لە مەهاباد دابەزینی بەخۆوە بینیوە و سەبارەت بە مادە هۆشبەرەکانیش بەرزبوونەوەی سەتا ١١٧ لە دۆزینەوە و دەستگیر کردنی تووشبووان، فرۆشیاران و باندەکانی مادەی هۆشبەر دەبینرێت.

ناوبراو پاشان ئاماژەی بە تاوانە توندوتیژەکان کرد و وتی: ڕێژەی خۆکوژی سەتا ١٨ و ڕێژەی کوشتنیش سەتا ٢٠ لەچاو ساڵی پێشوو لە شارستانی مەهاباد دابەزیوە.

فەرماندەی ئینتیزامیی شارستانی مەهاباد ئاماژەی بە ڕووداوەکانی هاتووچۆش کرد و وتی لە سێ هۆکاری جادە، ئۆتۆمبێل و هۆکاری مرۆییدا لە مەهاباد کێشە هەیە بەڵام زیاترین هۆکاری ڕووداوی هاتوچۆ هۆکاری مرۆییە.

لە کۆتاییشدا سەرهەنگ زەهیریان دزییەکەی ئەم دواییەی زێرفرۆشییەکەی نەقەدەی خستە بەر باس و وتی زێڕفرۆشییەکان و بانکەکانیش دەبێ لە سەعاتێکی تایبەتدا دابخرێن تا ئەگەری دزی کەم ببێتەوە و هەروەها خۆیان بە جیهازاتی پێویستی ئەمنی تەیار بکەن.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9369

Your Comment

You are replying to: .
captcha