سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ پۆسته‌که‌ی کشایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای كرد: نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاڕاسته‌ی ڕێكخه‌ری گشتیی گۆڕان كردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یووسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان که‌ له‌ ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌، ڕای‌گه‌یاند: نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م له ‌پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوه‌ته‌ ڕێكخه‌ری گشتیی گۆڕان ‌و چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌مم.

ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ بۆنه‌ی ناکۆکیی سیاسی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیزنی چالاکی له‌ پۆستی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی به‌ ناوبراو نه‌داوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ ناو په‌رله‌مان.

ناوبراو له‌باره‌ی دۆخی ئێستای هه‌رێم ‌و به‌رده‌وامیی قه‌یرانه‌كان جه‌ختی کرده‌وه‌: "پێویسته‌ خه‌لكی كوردستان له ‌ماوه‌یێكی نزیكدا خۆیان بۆ خۆپیشاندانێكی سه‌رتاسه‌ری ئاماده‌ بكه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئێستای هه‌رێم".

یووسف محه‌مه‌د داواشی كرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به ‌هێمنی ‌و به ‌بێ توندوتیژی به‌ڕێوه ‌بچێت و پێویسته‌ لیژنه‌یێكی باڵا بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی خۆپیشاندانه‌كه‌ دروست بكرێت.

یووسف محه‌مه‌د سه‌باره‌ت به‌ بژارده‌ی بوونه‌وه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی بوونه‌وه‌ به ‌ئۆپۆزسیۆن ده‌كرێت به‌ڵام من پێموایه‌ بوونه‌وه‌ به ‌ئۆپۆزسیۆن هیچ مانایێكی نه‌ماوه‌ چوونكه‌ حكوومه‌تێكی به‌رپرسیار نه‌ماوه‌ تا ببینه‌ ئۆپۆزسیۆن."

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9363

Your Comment

You are replying to: .
captcha