عێراق هێزێكی‌ زۆر كۆ ده‌كاته‌وه‌ و پارتیش خه‌نده‌ق لێده‌دات

جموجۆڵه‌كانی سوپای عێراق له ‌سنووری مه‌خموور و گوێڕ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و بۆ كۆنترۆڵ كردنی ژماره‌یێک ناوچه‌ش هێز كۆ ده‌كاته‌وه‌.

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سوپای عێراق له‌ ناوچه‌كانی عوسمان عه‌بدوڵڵا، ته‌لشه‌عیر، سه‌ڵاحیه ‌و گوێزه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌ به ‌تایبه‌ت له ‌فلكه‌ی میزان كه‌ دوا خاڵی شاخی قه‌ره‌چوخه ‌و ده‌كه‌وێته‌ سنووری ناحیه‌ی گوێڕه‌وه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی كۆمیته‌ی مه‌خمووری یه‌كێتیی ڕای­گه‌یاند: فیرقه‌ی سێی پۆلیسی ئیتحادی له ‌مه‌خموور و سێ فه‌وجی دیكه‌ له ‌ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ جێگیر كراون، له ‌ڕۆژئاوای مه‌خمووریش هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا بوونی هه‌یه ‌و چاوه‌ڕوانی هاتنی فیرقه‌ی زریپۆش ده‌كه‌ن.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتیی، حكوومه‌تی عێراق داوای گوێڕ ده‌كات و هۆشداریشی داوه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یێک بێت ده‌یه‌وێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ كۆنترۆڵ بكات كه‌ ڕێگه‌ی كه‌ركووک به‌ مووسڵه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه ‌و به‌لایانه‌وه‌ ناوچه‌یێكی ستراتیژییه‌.

ناوبراو ئاشكراشی كرد: هێزه‌كانی پارتی له‌سه‌ر چیای قه‌ره‌چوخ بڵاوه‌یان پێكراوه‌ و سه‌رقاڵی خه‌نده‌ق لێدانن بۆ به‌رگرتن به ‌پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای عێراق، به‌ گشتیی هه‌ردولا جموجۆڵی زۆریان هه‌یه‌ و له ‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری ڕابردووشدا هێزێكی زۆریان كۆ كردۆته‌وه‌.

گه‌ڵاڵی ئه‌وه‌شی‌ ڕاگه‌یاند كه‌ندێناوه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان مه‌خموور و هه‌ولێر و نزیكه‌ی 25 كیلۆمه‌تر له‌و شاره‌وه‌ دووره‌، ئامانجی سه‌ره‌كی سوپای عێراقیش كۆنترۆڵ كردنیه‌تی تا ده‌ستبه‌سه‌ر پاڵاوگه‌ی نه‌وتی لاجان و ته‌راشدا بگرێت، بۆیه‌ ناوچه‌یێكی گرنگی ئابووریه‌ به‌نسبه‌ت هه‌رێم و به‌غداوه‌.

سەرچاوە: SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9305

Your Comment

You are replying to: .
captcha