تا مانگی جانیڤێری له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی به‌رجام هیچ ناکه‌ین

به‌شی ئێران/ کوردی- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ڵێت: دواواده‌ی به‌رجام مانگی جانیڤێری ده‌بێت و به‌ ڕای من باشتر وایه‌ تا ئه‌و کاته‌ هیچ نه‌که‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هیزه‌ر ناوێرت ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ ماوه‌ی 60 ڕۆژه‌ی کۆنگرێسی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاردان له‌سه‌ر پێبه‌ند بوونی ئێران به‌ ده‌قی به‌رجامه‌وه‌ کۆتایی پێ هاتووه‌ ئایا واده‌یێکی‌تر له‌لایه‌ن کۆنگرێسه‌وه‌ دیاری ده‌کرێت یان ده‌بێت چاوه‌ڕوانی مانگی جانیڤێری بین و بزانین تره‌مپ چی ده‌کات؟ گوتی: ئێمه‌ تا مانگی جانیڤێری له‌سه‌ر به‌رجام هیچ ناکه‌ین.

به‌ پێچه‌وانه‌ی پاڵپشتییه‌ جیهانییه‌کان بۆ به‌رجام، دۆناڵد تره‌مپ له‌ سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماردا ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی خراپترین ڕێککه‌وتن بۆ ئه‌مریکا وه‌سف کردبوو. ڕۆژی 12ی ئه‌کته‌وبر/ 21ی مانگی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵیش دانی به‌ پێبه‌ند بوونی ئێران به‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی نه‌نابوو و ئه‌و ئه‌رکه‌ی خسته‌ سه‌ر شان کۆنگرێس بۆ ئه‌وه‌ی کۆنگرێسمانه‌کان له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆکان بڕیار بده‌ن.

له‌م نێوانه‌شدا فێدریکا مۆگرینی نوێنه‌ری یه‌کێتیی ئه‌ورووپا وه‌کوو هه‌ماهه‌نگ‌کاری سه‌ره‌کیی کۆمیسیۆنی هاوبه‌شی به‌رجام به‌ جیده‌وه‌ پاڵپشتیی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی کردووه‌ که‌ پشتیوانیی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کانیشی له‌گه‌ڵه‌. ناوبراو سه‌ردانی نیۆیۆرکی کردوووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ له‌ ڕێگای دانووستاندن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کۆشکی سپی و کۆنگرێس قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنێت که‌ پێبه‌ند بن به‌ به‌رجام.

ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمیش وه‌کوو تاکه‌ مه‌رجه‌عی ناسراو بۆ چاودێری کردن به‌ سه‌ر ڕه‌وتی جێبه‌جێ کردنی به‌رجامدا 9 جار له‌سه‌ر پێبه‌ند بوونی ئێران جه‌ختی کردۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بیانووی به‌ ده‌ست ئه‌مریکییه‌کانه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9290

Your Comment

You are replying to: .
captcha