بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە كاتی بەرێوەچوونی دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی توركیا، عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان، لە میانی پێشكەش كردنی لێدوانێكی لە ناو هۆڵی پەرلەمان، ناوی کوردستانی هێنا، بەوهۆیەشەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی پەرلەمانتارانی ئاکەپە بووەوە.
بایدەمیر لە وتارەکەیدا، ڕای­گەیاند: ئەو گەلەی کە ئێوەی هەڵبژاردووە چەنێک ڕێزدارە، ئەو گەلەیشی کە کوردی هەڵبژاردووە ئەوەندە ڕێزدارە، تەنها شتێک هەیە کە پێوستە ئەنجام بدرێت، ئەویش ئەوەیە، کە دەبێت کۆتایی بە لەناوبردنی کەلتووری بهێنرێت.
عوسمان بایدەمیر ئاماژەی بەوەدا من ڕۆڵەیێکی کوردم و نوێنەرێکی کوردستانم، با ئەم شوێنە ببێتە شوێنی هاوبەشی کورد و تورک، ئەگەر ئێوە کورد دوورەپەرێز بگرن یان بیانخەنە زیندان، لە کۆتاییدا ئێوە ٨٠ ملیۆن کەس بەتەواوی لە دەست دەدەن، وەرن با پێکەوە دەسەڵاتێکی سیاسی دروست بکەین کە کەس لە بیرنەکەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عوسمان بایدەمیر ئەوەشی وت: لەم وڵاتەدا نەک تەنها کوودەتایێک، بەڵکوو چەندین کوودەتا ئەنجام دراوە، هەوڵی کوودەتاکەی ١٥ی ٧، بەڵام ئەوەی کە هەوڵی ئەنجام دانی کوودەتای وەک فریادڕەسێک بینی و بەڕاستیش کوودەتای لەم وڵاتە ئەنجام دا، ئەم حکوومەتە خۆی بوو، یەکێکیش لەو کوودەتایانە، کودەتای ٤ ی ١١ ی ٢٠١٦ بوو.
بەهۆی ئەوەی عوسمان بایدەمیر لە ناو وتەکانیدا وشەی کوردستانی بەکار هێنا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە و پەرلەمانتارانی ئاکەپە نیگەران بوون و لە بایدەمیریان پرسی: کوردستان لە کوێیە؟، بایدەمیریش دەستی خستەسەر دڵی و وتی: ئەمەیە، کوردستان لێرەیە، بەهۆی ئەم هەڵوێستەیشییەوە، سەرۆک پەرلەمانی تورکیا، عوسمان بایدەمیری بە بەشداری پێنەکردن لە دوو دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا سزادا.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment