له‌ بودجه‌ی ساڵی 2018ی به‌رگریی ئه‌مریکا نیو میلیارد دۆلار بۆ YPG ته‌رخان کراوه‌

به‌شی سووریا- وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا له‌ بودجه‌ی ساڵی 2018ی خۆیدا بڕی 500 میلیۆن دۆلاری ته‌رخان کردوووه‌ بۆ ناردنی چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ YPG.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و پێوه‌ندی، داواکاری و به‌ڵێنانه‌ی له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن گوازراوه‌ته‌وه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کان به‌نیازه له‌ بودجه‌ی ساڵی 2018دا بڕی 500 میلیۆن دۆلار بۆ YPG ته‌رخان بکات و به‌رده‌وام بێت له‌ پشتیوانی کردنی گرووپی کوردیی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا بڕیاری داوه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی 2018ی خۆی بڕی 500 میلیۆن دۆلار ته‌رخان بکات بۆ ناردنی چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ YPG ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ سووریا.

ورده‌کاریی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی پێنتاگۆن ده‌ریده‌خات 25 هه‌زار هێزی YPG له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕدان و 5 هه‌زار دیکه‌ش ده‌بێت مه‌شقیان پێ بکرێت و به‌و ژماره‌یه‌ زیاد ده‌بن. ئێستاکه‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ڕوو له‌ کۆتایییه‌ و ڕووسیا هێزه‌کانی خۆی له‌ سووریا ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌. ته‌رخان کردنی بودجه‌ی نیو میلیارد دۆلاری بۆ YPG به‌ ناوی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ڕق و ڕه‌خنه‌ی تورکیای لێکه‌وتۆته‌وه‌.

تورکیا، YPG به‌ باڵی سووریی په‌که‌که‌ ده‌زانێت و به‌ هه‌ڕه‌شه‌یێکیشی ده‌زانێت دژ به‌ ئاسایشی سنووره‌کانی خۆی. ئه‌و وڵاته‌ هه‌وڵ ده‌دات پێش به‌ دامه‌زراندنی پێکهاته‌یێکی کوردی سه‌ربه‌خۆ یان فیدڕاڵ له‌ باکووری سووریا بگرێت به‌ڵام یارمه‌تیی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ کورده‌کان به‌ له‌مپه‌رێک بۆ ئامانجه‌کانی خۆی ده‌زانێت.

له‌ هه‌مان حاڵدا پاش فه‌رمانی ڕووسیا بۆ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا، ئێریک پاهۆن وته‌بێژی پێنتاگۆن ڕای‌گه‌یاند: ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاڵپشتی کردنی YPG.

بڕیار وایه‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ژێنڕاڵ جۆزێف ڤووتێل فه‌رمانده‌ی ئه‌رکانی سوپای ئه‌مریکا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ خولووسی ئاکار سه‌رۆکی ئه‌رکانی هێزی چه‌کداری تورکیا دیدار بکات. ڕاگرتنی پاڵپشتیی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ YPGش ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌و دیداره‌ ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌: ده‌یلی سه‌باح

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9229

Your Comment

You are replying to: .
captcha