ده‌وڵه‌تی یاسا له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی عه‌بادی ده‌داته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێكی كوتله‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌سه‌ر ناونه‌هێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی دوێنێی حه‌یده‌ر عه‌بادی، ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رۆک­وه‌زیرانی عێراق ده‌گرێت و ڕاشی­ده‌گه‌یێنێت: نابێ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌بیر بكرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌لی سوبحی مالیكی، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ SNN، ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی گرت، كه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی دوێنێ به ‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گرووپی تیرۆریستی داعش، له‌ناو سه‌رجه‌م هێزه‌ جۆراوجۆره‌كانی عێراق، ته‌نها ئاماژه‌ی به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ نه‌كرد له‌ بوونی ڕۆڵیان له‌و سه‌ركه‌وتنه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، كه‌ به‌ كه‌سێكی نزیک له‌ نووری مالیكی داده‌نرێت، ڕای­گه‌یاند:"هۆكاری ناونه‌هێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاكار و هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و هۆكاره‌ش، پێویستی ده‌كرد ناو ئه‌و هێزه‌ بهێندرایه‌.

ناوبراو وتیشی: پێشمه‌رگه‌ به‌ برای خۆمان ده‌زانین و به‌شێكن له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕۆڵیان له‌ سه‌ركه‌و‌تن به‌سه‌ر داعش، له‌بیر نه‌كرێت و نه‌كرێنه‌ قوربانی هه‌ڵسوكه‌وته‌ هه‌ڵه‌كانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم.

مالیكی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق باوه‌ڕی به‌ یه‌كسانی عێراقییه‌كان بێت، پێویسته‌ به‌هیچ جۆرێک هێزی پێشمه‌گه‌ پشتگوێ‌ نه‌خات و هاوشێوه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێكی دیكه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9188

Your Comment

You are replying to: .
captcha