بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مراڵ ئاکشنێر سەرۆکی پارتی "باش"ی تورکیا لە لێدوانێکدا باسی لە پرسی ئەم ڕۆژانەی قودس و گوازرانەوەی پێتەختی ڕژێمی زایۆنیی ئیسرائیل بۆ ئەو شارە پیرۆزە کرد و وتی: قودس بۆ هەمووی ئێمە گرینگترین بابەتە. تێکڕای ئەوانەی لە تورکیادا دەژین سەبارەت بە قودس یەک هەڵوێستیان هەیە. بەڵام لێرەدا ٢ پرسیار دێتە ئاراوە کە دەبێ بپرسرێن. ئێمە کاردانەوەکانی ئەردۆغان هەمبەر بە ئیسرائیلمان بینی بەڵام سەبارەت بە دۆناڵد ترمەپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ قسە و هەڵوێستێکی جیدی لە سەرۆککۆماری تورکیا نابینین؟ ئەگەر بەڕاستی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا نین و گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ڕەخنە لە ئامریکا بۆ جیهان بانگەواز بکەن ئایا بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک دادەخەن؟ لە پێوەندییە شەخسییەکانتان لەگەڵ ئامریکا تێبینیتان دەبێت یان نا؟ هێندە بە توندی قسەتان کردووە و هەڵوێستتان نواندووە و دواجار هیچ کردەیێک لە پشتیەوە نەبووە کە ڕێز و متمانەیێک بۆ ئەم وڵاتە نەماوە.
لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆکی پارتی باشی تورکیا ئاماژەی کردە سەفەری ئەم دواییەی خۆی بۆ ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و دەریبڕی: لەم وڵاتەدا دەبێ گرینگتەرین کێشەکان بخرێنە بەر باس و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. وەکوو پارتی باش، ئیدیعای ئەوەمان هەیە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشە و گرفتەی ئێستا ڕێگای چاکمان بینیوەتەوە. لای ئێمە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هیچ جیاوازییێکیان نییە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی دیوار
کۆدی هەواڵنێر: 60105
Your Comment