ڕەسوول خزری نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕای­گەیاند: بێ گومان بەردەوام بوون لە داخستنی سنووری تەمەرچین پاشهاتی نەرێنیی قورسی بۆ کاسبکاران بە دواوەیە و تەنانەت دەبێتە هۆی گۆڕینی چارەنووسی زۆر کەس.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە هەمان ڕۆژانی سەرەتای داخستنی ئەو سنوورەوە ڕاگۆڕینەوەی پێویستمان لەگەڵ بەرپرسان هەبووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لەو بەرپرسانەی کە دەبێت وەڵام بدەنەوە هێشتا لەو بارەیەوە بێدەنگن.
خزری ئاشکرای کرد: لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا کە سەبارەت بە سنووری تەمەر چین لەگەڵ بەرپرساندا هەبوومانە، توانیمان تا ڕادیێک ڕای ئیجابییان ڕابکێشین بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری کۆتایی خۆی ڕانەگەیاندووە.
ئەو نوێنەرە وتیشی: داخرانی سنووری تەمەرچین کێشەی ئابووریی بۆ نزیک بە 30 هەزار کاسبکار دروست کردووە، درێژە پێدان بەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی نائەمنی و ڕاکێشانی خەڵک بۆ کاری قاچاخ.
شایانی باسە کە سنووری تەمەرچین پاش کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بە داخوازیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق داخراوە و نزیک بە یەک مانگە هێشتا نەکراوەتەوە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment