بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەیدەر عەبادی وتی: یەکێتی ئەو چەکەی بوو کە ئێمەی سەرخست و دەبێ تا هێزمان لەبەردایە ئەو یەکگرتووییە بپارێزین.
عەبادی زیادی کرد: عێراق و سەروەت و سامانی موڵکی هەموو عێراقییەکانە و ئەم سەرکەوتنەش بێگومان ئاسایش و ئاسوودەیی و سازێنەریی بەدواوە دەبێت.
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای لە هەموو سیاسەتوانانی ئەو وڵاتە کرد دوورەپەرێزی بکەن لە وتەی تائیفی و ئاژاوەگێڕانە چوونکە هەر ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕەخسانی بەستێن بۆ داگیر بوونی عێراق لەلایەن داعشەوە بووە.
جەختیشی کردەوە پاوان کردنەوەی چەک بۆ حکوومەتی فیدراڵ و سەروەریی یاسا تەنیا ڕێگای وەدیهاتنی دادوەری و سازێنەری لەو وڵاتەیە.
سەبارەت بە بڕیاری ئەمریکا دژ بە قودسیش سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی: هیچکەس ناتوانێت شوناسی فەلەستین و قودس بگۆڕێت.
هەر لەمبارەوە حەشدی شەعبیی عێراق ئەوڕۆ ڕایگەیاند سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا لە باکوور و شاری ئەلقائیم تا باشوور و شەنگالی بە تەواوی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
لەلایێکی دیکەشەوە ئەمیری ڕوکن "عەبدولئەمیر یارەڵڵا" فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی پاکسازیی ناوچەی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند پاش ڕزگار کردنەوەی ١٦ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆش لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە ئێستادا تێکڕای خاکی عێراق لە تیرۆریستانی داعش پاک بۆتەوە.
سەرچاوە: سوومەریە نیووز
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment