بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سالار مەحموود ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرانبەر جووڵەکانی تورکیا بە لاواز وەسف کرد.
ناوبراو دەڵێت "ئەگەر هەرێم لەم پرسەدا، بەخێرایی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن نەکات، تورکیا درزی نێوان هەرێم و بەغدا دەقۆزێتەوە و بەخراپی کەڵکی لێوەردەگرێت، بەتایبەت هەڕەشەکانی تورکیا لەو ڕوانگەوەیە، دەزانێت پەیوەندی هەرێم و بەغدا خراپە، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات، عێراق ڕازی بکات، تا سوپا بگەڕێنێتەوە سنوورەکان، لەکاتێکدا تورکیا ڕێککەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ هەرێم هەیە، دەیەوێت ڕێککەوتنی تازە لەگەڵ عێراق بکات، تا سوود لەم ڕێککەوتنە وەربگرێت، بۆ پەلکێش کردنی عێراق بۆ پەلاماردانی پەکەکە.
سالار مەحموود، پێیوایە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سیاسەتێکی قەبووڵکراو نییە، بۆیە پەرلەمانی ئەورووپا سەرکۆنەی کردووە، ئیدارەی نوێی ئەمەریکاش، ناڕازین لەسیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، دەڵێت "دوورنیە، ئەمەی شەنگال، داوێک بێت بۆ تورکیا، تا لەڕووی ئابووریەوە سزا بدرێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا، دەبێت هەرێم و بەغدا، ڕاستەوخۆ دژی پەلاماری تورکیا بۆ شەنگال بوەستنەوە".
ناوبراو وتیشی "عێراق دەوڵەتێک نیە، بەهەشتی بۆ خەڵکەکەی خوڵقاندبێت و لای ئێمەش دۆزەخ بێت، ئەوان فریادڕەس بن، بۆیە قەبووڵ کردنی شەعبی گەڕانەوەی عێراق بۆ سنوورەکان، مەترسیدارە".
لەکۆتایی گفتووگۆکەدا سالار مەحموود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت تورکیا دەیەوێت بێتە شەنگال، تا لە عێراقی داهاتوودا، ڕۆڵی هەبێت، ئینجا ئەو وڵاتە حەز بەمانەوەی قەوارەی هەرێم ناکات، دەیەوێت قەوارەکە لاوازتر بکات.
ناوبراو دەشڵێت تورکیا دەیەوێت سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا کۆنترۆڵ بکات، ئەمە لەڕووی قوڵایی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، بۆ ئێمە مەترسیدارە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment