بەپێی هەواڵی کوردپرێس شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان، بە SNNی راگەیاند: مانگێك لەمەوبەر لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و بریكاری وەزارەتی دارایی بەوەكالەت كۆ بوینەوە و شێوازی كاركردنی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی لەداهات و هەناردەی نەوت روون كرایەوە، بەڵام باسی هیچ دەرئەنجامێكی كاری كۆمپانیاكە نەكرا و بەڵێن درا لەئایندەیێكی نزیكدا راپۆرتەكە بڵاو بكەنەوە و پێشكەشی پەرلەمانیشی بكەن، بەڵام تا ئێٍستا هەر چاوەڕوانین.
ناوبراو وتیشی: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەلیژنەكەمان دراوە، ماوەی ساڵێكە كۆمپانیاكە كارەكانی دەست پێكردووە، بەڵام ئەنجامەكەی دیار نییە".
لەدوای دەستبەكاربوونی كۆمپانیا بیانییەكەوە تا ئێستا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیچ ئامارێكی لەبارەی هەناردە و داهاتی نەوت ئاشكرا نەكردووە، كە پێشتر مانگانە ئەو كارەی ئەنجام دەدا.
Your Comment