داوامان کرد هۆڵەندا گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد و دەڵێت: داوامان کرد هۆڵەندا گوشار بخاتەسەر بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دلاوەر ئاژگەیی ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا رای گەیاند: بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتی لە لاهای، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندامان کرد و داوامان کرد هۆڵەندا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەورووپا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گوشار بخاتەسەر بەغدا تاوەکوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات، دەستووری عێراق جێبەجێ بکات و بڕیار بدات بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا گوتیشی: لە سەرەتای دیدارەکە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکار بوونی کابینەی سێیەمی سەرۆک وەزیرانیان گەیاندە وەزارەتی دەرەوە. پاشان دۆخی ئەمنی، سیاسی و مرۆیی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراقمان باس کرد. هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشمان خستەڕوو، کە بۆ مسۆگەر کردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەردەوام داوای بە ئاشتی چارەسەر کردنی کێشەکان دەکات.

بەگوتەی دلاوەر ئاژگەیی ، کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا پێشوازییان لە هەڵوێستی ئەرێنی و ئاشتیانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە گرنگیی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا باسی لەوەش کرد، لە لاهای لەلایەن مارک زێڵنرات راوێژکاری باڵای وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و خاتوو ئێلینە بۆسمان کارگێڕی کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەند و خاتوو سیمۆنە ڤان دێر برووک، بەرپرسی دیسکی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوە پێشوازیی کراون.

دلاوەر ئاژگەیی ئەوەشی گوت: لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە تیشک خرایەسەر کۆبوونەوەی داھاتووی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کە تایبەت دەبێت بە عێراق و داواکرا ھۆڵەندا ھەوڵ بدات لە ئاستی سیاسەتی دەرەوی یەکێتی ئەورووپا پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان بکات.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8949

Your Comment

You are replying to: .
captcha