بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شورای بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەرپەرشتیی مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجام دا، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و دوا گۆڕانكاری و پێشهاتەكان كرا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم خاڵانە كرا و هەڵوێستی بزووتنەوەی ئیسلامی دەربارەیان خرانەڕوو.
یەكەم: ئەندامانی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی بە نیگەرانییێكی زۆرەوە دووپاتیان كردەوە كە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شكستخواردووترین كابینەی سەردەمی حوكمڕانیی كوردستانە و لە سەردەمی ئەم حكوومەتەدا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی گەورە كراوە، لەسەروی هەموویەوە قەیرانی نەداری و باری خراپی ژیانی خەڵک و بێ مووچەیی و نەمانی خزمەتگوزاری و راوەستانی پرۆژەكانی بنیاتنان و ئاوەدان كردنەوەی وڵات.
دووەم: لە بەردەمی حكوومەتێكی بێ توانا و بێ ئیرادەدا تەنها دوو چارەسەر هەیە كە یان هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتییە، یان ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بزووتنەوەی ئیسلامی خیاری دوەمیان بەباشتر دەزانێت بۆ ئەم قۆناغە.
سێیەم: سەرباری هەموو نەهامەتییەكان رەوشی سیاسی و ئەمنی ئاڵۆزی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی بارودۆخەكەی ئاڵۆزتر كردوە و تائێستا پلان و بەرنامەی حكوومەت ئاشكرا نییە بۆ رووبەڕوبوونەوەی دۆخەكە و هەلومەرجی گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ بەغدا، لە كۆبوونەوەكەدا زەرورەتی دەست پێكردنی گفتوگۆی خێرای نێوان هەولێر و بەغدا دووپات كرایەوە.
چوارەم: شورای بزووتنەوەی ئیسلامی دوپاتی كردەوە كە پرسی گەندەڵی و بنەبڕكردنی دیاردەی بە هەدەردانی داهاتی وڵات تا ئێستا دروشم و بەڵێنی بەرپرسانی تێنەپەڕاندووە، بەتایبەتی پرسی مووچەخۆری نایاسایی و فەرمانبەری بن دیوار كە بوەتە پاساو بەدەست بەغداوە بۆ ئەوەی گرفت بۆ مووچە و بوجەی هەرێم دروست بكات، بۆیە چارەسەر كردنی ئەم پرسە دێرینە پێویستی قۆناغەكەیە.
پێنجەم: كۆبوونەوەكە تەئكیدی كردەوە لەسەر چارەسەریی خێرای كێشە و قەیرانەكانی ناوخۆ و ئاسایی كردنەوەی رەوشی ئاڵۆزی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و كۆتایی نەهامەتییەكانی خەڵک.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment