ڕه‌وتی یارمه‌تی گه‌یاندن له‌ بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشاندا باشتر له‌ بوومه‌له‌رزه‌ پێشوووه‌کان بوو

به‌شی ئێران- سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ گفتوگۆیێکی ته‌له‌فزیۆنیدا گرینگترین به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌تی شی کرده‌وه‌ و ڕاپۆرتێکی سه‌باره‌ت به‌ چالاکیی سه‌د ڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌م له‌ که‌رتی ئابووری، سیاسی و فه‌رهه‌نگیدا ئاراسته‌ی هاووڵاتییان کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران شه‌وی سێشه‌ممه‌ له‌و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌دا لێدوانه‌که‌ی به‌ باسی بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشان و ده‌ستخۆشی کردن له‌ ماندوو بوونی تێکڕای ئه‌و که‌سانه‌ی یارمه‌تییان به‌ خه‌ڵکی لێقۆماوی کرماشاندا بوو ده‌ست پێکرد و گوتی: خه‌ڵکی قاره‌مان و پاڵه‌وانی پارێزگای کرماشان له‌م ڕۆژانه‌دا تازیه‌باری کاره‌ساتێکی دڵته‌زێنن و ئێمه‌ش لای خودای په‌روه‌ردگار بۆ هه‌موو قوربانیان داوای لێخۆشبوون و ڕه‌حمه‌ت و بۆ هه‌موو بریندارانیش داوای شیفا ده‌که‌ین و هیوای ئه‌وه‌ش ده‌خوازین ده‌وڵه‌ت و جه‌ماوه‌ری ئێران به‌ یارمه‌تیی یه‌کتر ده‌ستی ئه‌و خه‌ڵکه‌ سنوورپارێزه‌ خۆشه‌ویسته‌ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ تێبپه‌ڕێنن.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ کرد که‌ له‌ ماوه‌ی 15 ڕۆژی ڕابردوودا له‌ پڕۆسه‌ی یارمه‌تی گه‌یاندن بۆ لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشان چالاکییان نواندووه‌ و وتی: هه‌موو گه‌لی ئێران به‌ خه‌ڵکی خۆشه‌ویستی کرماشانیشه‌وه‌، به‌رپرسه‌ حکوومییه‌کان و هێزی چه‌کدار هه‌ریه‌که‌ و لای خۆیه‌وه‌ له‌م کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌دا یارمه‌تییان به‌ خه‌ڵکی لێقۆماو گه‌یاند.

دوکتۆر ڕۆحانی ئاشکراشی کرد دیاره‌ له‌م جۆره‌ کاره‌ساتگه‌له‌دا یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ شێوازی گونجاو به‌ هاووڵاتییان دژوار ده‌بێت. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئێمه‌ بوومه‌له‌رزه‌ی 7.3مان نه‌بووه‌. بوومه‌له‌رزه‌که‌ گوڕی زۆر بوو و له‌ شه‌ویشدا ڕووی دا و هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕه‌وتی یارمه‌تی گه‌یاندنی دژوارتر کرد. کێشه‌ی کاره‌با، ئاو و غاز و جاده‌کان قه‌یرانه‌که‌ی فراوانتر کرد به‌ڵام ئیراده‌ی گه‌ل و فه‌رمانبه‌رانی خزمه‌تگوزاری جێگای ستایش بوو و به‌ هیممه‌تی هه‌موو ماندووبوووان ژماره‌ی 2700 که‌س له‌ ژێر ماڵه‌ ڕووخاوه‌کاندا ڕزگار کران.

سه‌رۆک کۆمار هه‌روه‌هاش زیادی کرد: کاتێک سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی کرماشانم کرد بینیم که‌ هه‌موو پزیشک و په‌ره‌ستاره‌کانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ له‌ کاتی ڕوودانی بوومه‌له‌رزه‌که‌وه‌ نه‌نووستبوون. تا ئه‌و کاته‌ 300 عه‌مه‌لیات له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا کرابوو. ئه‌وه‌ش هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بوو که‌ جێگای ستایش کردنه‌.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی به‌ چالاکیی باشی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سیتادی قه‌یران و مانگی سوور کرد و وتی: هێشتاکه‌ش کێشه‌ی هاووڵاتییان فراوانه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناوه‌ندی ده‌نگ و ڕه‌نگ جووڵانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و جه‌ماوه‌ری ئێران له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه‌ نیسبه‌ت به‌ بوومه‌له‌رزه‌ پێشوووه‌کانی ڕوودبار و مه‌نجیل و ته‌نانه‌ت بوومه‌له‌رزه‌ وڵاته‌ ئه‌ورووپی و ئه‌مریکییه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنێت به‌ ڕای من ئه‌م جاره‌یان خه‌ڵک و ده‌وڵه‌تیش باشتر له‌ جاره‌ پێشوووه‌کان هاتنه‌ مه‌یدان.

دوکتۆر ڕۆحانی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو که‌ هاووڵاتییان و خه‌ڵکی سڤیل که‌م و کورتییه‌کانی ده‌وڵه‌تیان قه‌ره‌بوو کرده‌وه‌.

ناوبراو زیادیشی کرد: هێزی چه‌کداری ئێران به‌ سوپا و ئه‌رته‌ش و به‌سیجه‌وه‌ یارمه‌تیی زۆریان گه‌یاند. ئێستاش قۆناغی سه‌ره‌تاییمان تێپه‌ڕاندووه‌ و سه‌رقاڵی نیشته‌جێ کردنی کاتیی خه‌ڵکی لێقۆماوین. هه‌ر که‌س بیه‌وێت جێگایێک له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی به‌کرێ بگرێت ده‌وڵه‌ت کرێکه‌ی ده‌دات و ئه‌و کانیکسانه‌ش پێویستن به‌ خێرایی چێ ده‌کرێن و ده‌نێردرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8869

Your Comment

You are replying to: .
captcha