هه‌ڵبژێردراوانی سی و حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران ناسێندران

بەشی فەرهەنگ و هونەر- هه‌ڵبژێردراوانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی رکابه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران ناسێندران و "کاک ئیره‌ج" به‌رهه‌می سینه‌ماکاری کورد "جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ند فه‌ردا" خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌ی به‌ده‌ست هێنا.

کوردپرێس:

به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران، "سه‌ید سادق مووسه‌وی" ده‌بیری ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌ وێڕای به‌خێرهاتن به‌ ئاماده‌بووان گوتی: مه‌منوونم که‌ کاتی خۆتان بۆ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئه‌م وڵاته‌ ته‌رخان ده‌که‌ن. خۆشحاڵم که‌ بۆ رێوڕه‌سمی کۆتایی گرینگترین رووداوی کورته‌ فیلمی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاتوون. مه‌به‌ستی من بۆ ئاماده‌بوون له‌م ساتانه‌دا، ئاراسته‌ کردنی راپۆڕت سه‌باره‌ت به‌ فێستیڤاڵه‌که‌ نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو راپۆڕته‌کانتان بیستووه‌.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ته‌نیا ده‌مه‌وێت قه‌درزانی بکه‌م له‌ هه‌موو دام و ده‌زگا و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا ئێمه‌یان هاوڕێیه‌تی کرد. به‌ر له‌ هه‌ر شتێک له‌ هونه‌رمه‌ندان و فیلمسازانی ئێرانی که‌ نزیکه‌ی 1700 کورته‌ فیلمیان بۆ ئێمه‌ نارد، سوپاس ده‌که‌م؛ له‌ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی تاران و شاره‌وانی تاران سوپاس ده‌که‌م. له‌ به‌ڕێز "حه‌ق شوناس"، له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی تاران که‌ به‌ گیان و دڵ یارمه‌تی ئێمه‌یان داوه‌، سوپاس ده‌که‌م. هه‌روه‌ها له‌ "دوکتور جاودانی" سوپاس و پێزانین ده‌که‌م. نیه‌تی خێرخوازانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی "ئێران ماڵ" و رووی کراوه‌ی بریکاری فه‌رهه‌نگی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌، ده‌بێ حه‌تمه‌ن قه‌درزانی لێ بکرێت. بارودۆخه‌که‌ هێمن بوو، ره‌زامه‌ندی به‌رده‌نگه‌کانی ئێمه‌ی پێکهێنا. له‌ هه‌موو هاوکارانم له‌ وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی، پارێزگاریی تاران و شوێنه‌کانی دیکه‌ سوپاس ده‌که‌م؛ له‌ به‌ڕێز ئینتزامی که‌ به‌ لاوان و بیرۆکه‌ی ئازایانه‌یان‌ متمانه‌ ده‌کات، سوپاس ده‌که‌م. ئه‌و کاره‌ی که‌ ئێمه‌ ئه‌مساڵ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵ هه‌مانبوو، ئه‌وه‌ی که‌ فێستیڤاڵ به‌ شێوه‌ی تێکه‌ڵاوێک له‌ ئانڵاین و فیزیکی به‌ڕێوه‌چوو، له‌به‌ر باوه‌ڕ و متمانه‌ی به‌ڕێزیان بوو. له‌م چوار ساڵه‌دا، ئێمه‌ ته‌رازی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵه‌که‌مان گۆڕی و به‌ براوه‌کان پیرۆزبایی ده‌ڵێم.

کورته‌ فیلم ئامرازی راگه‌یاندن و سه‌رقاڵبوون بۆ کۆمه‌ڵگایه‌

له‌ درێژه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا، "محه‌مه‌د جه‌واد حه‌ق شناس" سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامیی شاره‌وانی شاری تاران، رایگه‌یاند: زیاتر له‌ یه‌ک ساڵه‌ که‌ له‌گه‌ڵ وایرۆسی گیان ئه‌ستێنی کۆرۆنا ده‌سته‌و یه‌خه‌ین و زۆربه‌ی کار و پیشه‌کان خه‌ساریان پێگه‌یشتووه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا چالاکانی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر خه‌سارێکی زیاتریان پێگه‌یشتووه‌. له‌ رێگای ئه‌م په‌تا به‌ربڵاوه‌ و درێژه‌ کێشانه‌که‌ی، چرای سینه‌ماکان کووژایه‌وه‌، باڵه‌خانه‌ی مۆزه‌خانه‌ کپ و بێده‌نگ، هۆڵه‌کانی شانۆ که‌م هاتوچۆ، کتێب فرۆشییه‌کان بێ موشته‌ری و کافه‌ و چایخانه‌کان داخران و کۆنسێرته‌کانی مۆسیقا خامۆش و چالاکانی ئه‌م بوارانه دڵسارد و بێ ده‌نگ بوونه‌.

سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامیی شاره‌وانی شاری تاران له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: به‌و بارودۆخه‌ی که‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، هه‌تا ماوه‌یه‌ک فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر له‌ دوای کۆرۆنا ره‌نج ده‌کێشێت. سه‌رنجدان به‌ پرسی ئابووریی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و گه‌شه‌ی چینی داهێنه‌ر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاریی ئه‌م خوله‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی شار سه‌رنجی پێدرا. شار ده‌بێ بۆ په‌روه‌رده‌کردنی بیرۆکه‌کان شوێنێکی سه‌رنجڕاکێش بێت و له‌ پێناو پایه‌داڕشتنی داهێنانه‌کان له‌ بیرۆکه‌کانی بیرمه‌ندان و نووسه‌ران و شارۆمه‌ندانی ئاسایی که‌ڵک وه‌ربگرێت.

ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی که‌ تێڕوانینی کۆمیسیۆنی فه‌رهه‌نگی ـ کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی شاره‌وانی شاری تاران، شاری مرۆڤ ته‌وه‌ر به‌ بڕه‌وپێدانی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر جیدی بوو، گوتی: بۆ رێبه‌رایه‌تی و به‌هێزکردنی شوناسی ئێرانی ئیسلامی هه‌نگاوه‌کانی له‌ چه‌شنی ده‌ورگێڕانی نه‌ریت و بۆنه‌ و رێوڕه‌سمه‌کان و گۆڕانکارییه‌کانی رووداوه‌کانی ژیان، به‌ستێنی کورته‌ فیلم ئامرازێکی گونجاوه‌ بۆ فێرکاری، راگه‌یاندن و ئاراسته‌ کردنی سه‌رقاڵبوون بۆ خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا.

سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامیی شاره‌وانی شاری تاران له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا رایگه‌یاند: له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا بارودۆخی هونه‌رمه‌ندان باش نیه‌ و رێگای هونه‌رمه‌ندان سه‌خته‌ و فیلمسازه‌کان ناچارن له‌ دوای ساڵانێک ئه‌زموون، به‌رده‌وام هه‌ر کورته‌ فیلم به‌رهه‌م بێنن، کورته‌ فیلم و چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماڵی و ئابوورییه‌که‌ی رێگای ئه‌م سینه‌مایه‌ به‌ لاڕێدا ده‌بات.

ئێران له‌ زومره‌ی 10 به‌رهه‌مهێنه‌ری کورته‌ فیلمی جیهانه‌

حه‌ق شناس به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ له‌م ڕووه‌وه‌ که‌ ئێران له‌ زومره‌ی 10 به‌رهه‌مهێنه‌ری کورته‌ فیلمی جیهانه‌، گوتی: ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران له‌ کۆنترین قوتابخانه‌کانی سینه‌مای جیهانه‌ و جێبه‌جێکار و به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌. ده‌وڵه‌ت به‌وپه‌ڕی پاڵپشتی و که‌مترین ده‌ستوه‌ردانی نه‌یتوانیوه‌ به‌و جۆره‌ی که‌ شایسته‌یه‌، بۆ سینه‌مای کورته‌ فیلم کارێک بکات.

سه‌رنجدان به‌ ته‌ندروستی له‌ فێستیڤاڵی کورته‌ فیلمی تاران بایه‌خداره‌

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا له‌ دوای په‌خش و بڵاو کردنه‌وه‌ی کلیپێک سه‌باره‌ت به‌ رێزگرتن له‌ پارێزه‌ران و شه‌هیدانی به‌ستێنی ته‌ندروستی، "ئیره‌ج حه‌ریرچی" بریکاری وه‌زیری ته‌ندروستی رایگه‌یاند: سوپاس ده‌که‌م که‌ وه‌ها رێوڕه‌سمێکی به‌شکۆ و فیستیڤاڵێکی گرینگ به‌ڕێوه‌چووه‌. ته‌رخان کردنی یه‌ک به‌ش بۆ ته‌ندروستی، جێگای قه‌درزانیه‌. مه‌منوونم که‌ له‌ شه‌هیدانی ته‌ندروستی رێزتان گرت. داخوازییه‌کم له‌ ئێوه‌ هه‌یه‌. ده‌ڵێن یه‌ك له‌ کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رپرسانی به‌ستێنی ته‌ندروستی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، راسپارده‌کان، بیڕ و ڕا پێشنیاره‌کان له‌ نێو که‌سانی پسپۆر و شاره‌زا له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رده‌م نه‌خۆشی و مه‌ترسییه‌کان دان، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ببێته‌ هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی مه‌ترسی و گۆڕینی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئامانجی کۆتایی ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ له‌ مه‌ترسی دایه‌، ئاگادار بێت مه‌ترسییه‌که‌ چیه‌ و ده‌بێ چ هه‌نگاوێک بنێ و چی بکات، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ که‌سانی دیکه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ رزگاریان بن. یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین که‌ره‌سته‌ و ئامرازه‌کانی ئه‌م پرس و بابه‌ته‌، ئامرازی سینه‌ما و به‌ شێوه‌ی گشتی ئامرازی هونه‌ره‌. نه‌خۆشییه‌ چڵکینه‌کان ده‌توانێت گرینگترین مه‌ترسییه‌کان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا، ئابووری و ته‌نانه‌ت رامیاری دابنێت؛ که‌وایه‌ ده‌بێ به‌م بابه‌ته‌ سه‌رنج بده‌ین.

خه‌ڵاتی به‌شی "کۆڤید 19"

خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌ به‌شی "کۆڤید 19" به‌ "شه‌هاب ئاب ره‌وشه‌ن" بۆ "ئان سینز" پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی کۆڕبه‌ندی خوێندنه‌وه‌کانی کورته‌ فیلم

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا، خه‌ڵاته‌کانی کۆڕبه‌ندی خوێندنه‌وه‌کانی کورته‌ فیلم پێشکه‌ش کرا. خه‌ڵاتی سێهه‌م به‌ "موحسین ره‌هنوما"، خه‌ڵاتی دووهه‌م به‌ "په‌ریسا حوسێن زاده‌" و خه‌ڵاتی یه‌که‌میش به‌ "ئه‌حمه‌د خۆش نییه‌ت" به‌خشرا.

خۆش نیه‌ت له‌ دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌ی خۆی رایگه‌یاند: خۆشحاڵم که‌ له‌م کۆڕه‌دا، بۆ دووهه‌مین جار خه‌ڵات وه‌رده‌گرم. له‌ مامۆستای به‌ڕێزم "نووره‌دین زه‌رین کێلک" سوپاس ده‌که‌م. هه‌روه‌ها یاد ده‌که‌م له‌ مامۆستای خۆشه‌ویستم؛ "ئه‌کبه‌ر عاله‌می" که‌ به‌ هۆی کۆرۆنا ئه‌ومان له‌ ده‌ست چوو.

هه‌روه‌ها دوکتۆر "ئه‌حمه‌د ئه‌له‌ستی" مامۆستای سینه‌ما و ده‌بیری زانستی دووهه‌مین کۆڕبه‌ندی خوێنه‌نده‌وه‌کانی کورته‌ فیلم رایگه‌یاند: داوا ده‌که‌م که‌ وتاره‌کانی ئه‌م کۆنگره‌یه‌‌ به‌ شێوه‌ی یه‌ک کتێب چاپ و بڵاو بکرێته‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی سه‌رچاوه‌کانی زانیاریدا بکه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستی سینه‌ماکارانی بواری کورته‌ فیلم. بۆ وێنه‌ وتاری "رێکارێک بۆ خولقاندنی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی مۆسیقایی له‌ ئه‌نیمه‌یشێندا" ناونیشانی یه‌کێک له‌م وتارانه‌یه‌ که‌ نیشانده‌ری تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئه‌نیمه‌یشێنه‌.

ئه‌له‌ستی وه‌بیری هێنایه‌وه‌: له‌ ده‌بیری فێستیڤاڵ که‌ به‌ پشتیوانیی یه‌کجار زۆر ئه‌م فێستیڤاڵه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کرد، سوپاسێکی تایبه‌ت ده‌که‌م.

پێشکه‌ش کردنی مه‌دالیای ئیسفا

مه‌دالیای "ئیسفا" له‌ لایه‌ن "ئیلهام حوسێن زاده‌" سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی کورته‌ فیلمی ئێران (ئیسفا) پێشکه‌ش کرا.

"ئیسفا" وێڕای رێزگرتن له‌ فیلمی "ده‌که‌ل" له‌ ده‌رهێنانی "بابه‌ک موسته‌فه‌وی"، مه‌دالیای "ئیسفا"ی بۆ داهێنان و تازه‌گه‌ری له‌ ناوه‌رۆک و داهێنان له‌ ئاراسته‌ کردندا به‌ فیلمی "ترس خۆی ده‌گوازێته‌وه‌" له‌ ده‌رهێنانی "ئیمان ساڵحی" پێشکه‌ش کرد.

هه‌روه‌ها له‌وحه‌ی رێزلێنانی "ئاسیفا" به‌ "مه‌هسا سامانی" ده‌رهێنه‌ری ئه‌نیمه‌یشێنی "هه‌بوب" گه‌یشت و له‌ لایه‌ن "مریه‌م که‌شکوولی" پێشکه‌شی کرا.

چرای سینه‌ما و کورته‌ فیلم به‌ رووناکی راگیرا

له‌ درێژه‌دا دوکتۆر "حوسێن ئینتزامی" سه‌رۆکی رێکخراوی کاروباری سینه‌مایی ئێران گوتی:

له‌ هه‌موو ئه‌و سینه‌ماکارانه‌ی که‌ ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌وان، سوپاس ده‌که‌م و له‌ زه‌حمه‌ته‌کانی ئه‌وان قه‌درزانی ده‌که‌م. له‌ هه‌موو هاوکارانم سوپاس ده‌که‌م که‌ چرای سینه‌ما و کورته‌ فیلمیان به‌ رۆشنایی راگرتووه‌. کاتێک دیارده‌یه‌ک به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ ده‌بێت، ده‌توانرێ دوو رێگا بگریته‌ به‌ر؛ یه‌کیان ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو شتێک دابخه‌ین و دیتر ئه‌وه‌ی دیکه‌ ژیانی کۆرۆناییش ئه‌زموون بکه‌ین و پێ به‌ پێی ئه‌و کاره‌کان به‌ره‌ پێش به‌رین. ئه‌م فیستیڤاڵه‌ رێگای دووهه‌می گرته‌ به‌ر و جێگای خۆیه‌تی له‌ هاوکارانم سوپاس بکه‌م.

رێزلێنانی "ئه‌میر لوتفیان" وێنه‌گری فۆتۆگرافه‌ر و سینه‌ماکاری پێشه‌نگ

به‌شی دوایی رێوڕه‌سمه‌که‌ بۆ رێزلێنانی "ئه‌میر لوتفیان" وێنه‌گری فۆتۆگرافه‌ر و سینه‌ماکاری پێشه‌نگ ته‌رخان کرا.

له‌م به‌شه‌دا، "ئه‌حمه‌د مه‌سجد جامعی" ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی شاره‌وانی شاری تاران، "محه‌مه‌د حه‌میدی موقه‌ده‌م" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای به‌ڵگه‌یی و ئه‌زموونی هاتنه‌ سه‌ر شانۆی هۆڵه‌که‌.

مه‌سجد جامعی سه‌باره‌ت به‌م که‌سایه‌تییه‌ زانا و بلیمه‌ته‌ی سینه‌مای وڵاتی ئێران رایگه‌یاند: له‌ کۆمه‌ڵه‌ وێنه‌کانی فۆتۆگرافیی به‌ڕێز لوتفیان وێنه‌یه‌کم بینی که‌ ئومێد ده‌خوازم به‌دواداچوونی بۆ بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی نه‌خشی به‌رجه‌سته‌ له‌ شاردا ئاماده‌ بکرێت و بوونی هه‌بێت. ئه‌م وێنه‌یه‌، خرۆش و شادییه‌کی زۆر له‌ ساڵه‌کانی سه‌خت و دژواری ده‌یه‌ی 60 گواستۆته‌وه‌. له‌به‌ر پاڵپشتی کردنی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌ پزیشکه‌کان سوپاس ده‌که‌م، هه‌ڵبه‌ت سینه‌ماش له‌م ماوه‌یه‌دا، که‌سانێکی گه‌وره‌ی له‌ ده‌ست داوه‌ که‌ یادی ئه‌وان به‌رز راده‌گرین. هیواخوازم به‌رده‌وام چاوه‌ری ئه‌وه‌ بین که‌ سینه‌ماکارانی کورته‌ فیلم له‌ ئاستی ناوخۆیی و بیانیدا بدره‌وشێنه‌وه‌.

خه‌ڵاته‌کانی به‌شی کێبڕکێی نێونه‌ته‌وه‌یی

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی به‌شی "رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی" سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران که‌ بریتی بوون له‌؛ "بێهنام بێهزادی" Behnam Behzadi ده‌رهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئێران، "لیا بێلته‌رامی" Lia Beltrami ده‌رهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئیتاڵیا و "کیۆن گیۆن کیم" Kyeongyeon Kim به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "بوسان" له‌ وڵاتی کۆریای باشوور؛ 63 کورته‌ فیلم له‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی 19 وڵاتی جیهان له‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا ناوبژیوانی کرد و ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند:

خه‌ڵاته‌کانی به‌شی کێبڕکێی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ ئاماده‌بوونی "بێهنام بێهزادی" ده‌رهێنه‌ری ئێرانی به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ ئه‌ندامانی دیکه‌ی لێژنه‌ی ناوبژیوان پێشکه‌ش کرا. بێهزادی به‌ر له‌ پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کان به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ براوه‌کان پیرۆزبایی کرد و چه‌ند خاڵێکی سه‌باره‌ت به‌م فێستیڤاڵه‌ راگه‌یاند.

لێژنه‌ی ناوبژیوان له‌ به‌شی باشترین کورته‌ فیلمی ئه‌زموونیی کێبڕکێی نێونه‌ته‌وه‌یی، هیچ فیلمێکی به‌ شایسته‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵات نه‌زانی.

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ "کاک ئیره‌ج" به‌رهه‌می سینه‌ماکاری کورد "جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ند فه‌ردا" له‌ کوردستانی ئێران پێشکه‌ش کرا. ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ی به‌ کادری ته‌ندروستی و ده‌رمانی نه‌خۆشخانه‌کان پێشکه‌ش کرد.

هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشێن به‌ "مۆم" Candela له‌ ده‌رهێنانی هاوبه‌شی "مارک ریبا Marc Riba و ئانا سۆلاناس" Anna Solanas له‌ وڵاتی ئیسپانیا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین کورته‌ فیلمی چیرۆکی و درامی به‌ "شه‌و باش" DA YIE له‌ ده‌رهێنانی "ئانتۆنی نێتی" Anthony Nti له‌ وڵاتی غه‌نا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاته‌کانی به‌شی کێبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی به‌شی "کێبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی" سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران که‌ بریتی بوون له‌؛ "محه‌مه‌دمێهدی عه‌سگه‌رپوور"، "محه‌مه‌دڕه‌زا دڵپاک"، "ناسر سه‌فاریان"، "ئیسماعیل مونسف"، "به‌هرام ته‌وه‌کولی"، "روحوڵڵا حیجازی"، "روقیه‌ ته‌وه‌کولی"، "ئه‌شکان ره‌هگوزه‌ر" و "حه‌میدڕه‌زا لوتفیان" ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند:

له‌ به‌شی باشترین فیلمهه‌ڵگرتنه‌وه‌ ته‌ندیس و کۆته‌ڵی فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتی نه‌غدی باشترین تۆمارکردنی وێنه‌ی فیلم به‌ "حه‌وید بیوته‌" بۆ فیلمی چیرۆکی و درامی "جوبڕه‌ئیل" پێشکه‌ش کرا.

دیپلۆمای شانازی باشترین تازه‌گه‌ری و داهێنان به‌ "له‌عیا میرنه‌سیری" بۆ ده‌ورگێڕان له‌ فیلمی "ناهید" پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ به‌ "بابه‌ک به‌هرام به‌یگی" بۆ مۆنتاژ و لێکگرێدانی کورته‌ فیلمی "منداڵانی خوێنیار" به‌خشرا.

له‌ به‌شی باشترین ده‌نگ، ته‌ندیس و کۆته‌ڵی فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتی نه‌غدی به‌ "محه‌مه‌د حوسێن مێهرجوو" و "سه‌ید محمه‌مه‌د که‌شفی" بۆ ده‌نگهه‌ڵگریی فیلمی چیرۆکی "خوێناو" پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌ فیلمی به‌ڵگه‌ییدا به‌ "فریشته‌ ته‌وه‌کولی" بۆ "فرووغی کۆڵانی بون به‌ست" پێشکه‌ش کرا.

له‌ به‌شی باشترین سیناریۆی وه‌رگیراو، ته‌ندیس و کۆته‌ڵی فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتی نه‌غدی به‌ "محه‌مه‌د ڕه‌زا مرادی" بۆ "دوو ئالی پێ" پێشکه‌ش کرا.

له‌ به‌شی باشترین سیناریۆ، ته‌ندیس و کۆته‌ڵی فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتی نه‌غدی به‌ "سه‌مه‌د عه‌لیزاده‌" بۆ فیلمی چیرۆکی "ناهید" پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی ئه‌نیمه‌یشێن به‌ "مۆنا عه‌بدوڵڵاشاهی" بۆ "ئاگری سوور" به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی فیلمی به‌ڵگه‌یی به‌ "ئارمان قولی پوور ده‌شته‌کی" بۆ "منداڵانی خوێنیار" گه‌یشت.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی فیلمی ئه‌زموونی به‌ "که‌ماڵ که‌چووییان" بۆ "ئاداپت" گه‌یشت.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی فیلمی چیرۆکی به‌ "مه‌هیار مانده‌گار" بۆ "ئه‌سپی سپی باڵدار" پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی ناوبژیوان به‌ "ئیمان ساڵحی" بۆ "ترس خۆی ده‌گوازێته‌وه‌" گه‌یشت.

خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌ سینه‌مای ئێران به‌ "حه‌مید ڕه‌زا زه‌بیر" بۆ به‌رهه‌مهێنانی "ئه‌سپی سپی باڵدار" پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵ له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ "ره‌زا فه‌هیمی" بۆ کورته‌ فیلمی "سپی پۆش" له‌ ئێران پێشکه‌ش کرا.

سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی "سه‌ید سادق مووسه‌وی" وه‌کوو یه‌که‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌مایی له‌ ئێران؛ که‌ به‌ شێوه‌ی ئاماده‌بوون و به‌شداریی سینه‌ماکاران و بینه‌ران و ئانڵاین و به‌ نمایش کردنی 63 کورته‌ فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی‌ 19 وڵاتی جیهان و هه‌روه‌ها 146 فیلم له‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی ئێرانی له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌شه‌کانی چیرۆکی و درامی، به‌ڵگه‌ فیلمی دیکۆمێنتاری، ئه‌زموونی و ئه‌نیمه‌یشێن له‌ رۆژانی 20 تا 25ی ژانویه‌ی 2021 زایینی له‌ په‌ردیسی سینه‌مایی «ئێران ماڵ» له‌ شاری تاران و ماڵپه‌ره‌کانی ئانڵاین و ئه‌لیکترۆنیکی "هاشور" (ماڵی فێستیڤاڵ)، "وۆدیۆ" و "تیوال" به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ کرته‌ بکه‌ن:

https://iycs.ir/category/festival/

په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران.

ناردنی ڕاپۆرت: مەنسوور جیهانی

News Code 875

Your Comment

You are replying to: .
captcha