كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ئاشكرا ده‌كرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا دیاری ده‌كرێن و په‌یامێكیش ئاراسته‌ی وه‌فدی دانووستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چه‌ندین كێشه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و كێشه‌كانی دیكه‌ش له‌ داهاتوودا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس زانا ڕۆستایی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ڕای‌گه‌یاند، "كێشه‌كانی ئێستای نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌رجه‌میان كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوون، به‌شێكیشیان ده‌بێت به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌".

ئه‌و كێشانه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ ده‌بێت به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، وه‌كوو ئه‌و وتی:"كێشه‌ی سنوور و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وانه‌ كێشه‌ی به‌په‌له‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییان كه‌وتۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، دواتریش كێشه‌ی نه‌وت و داهاتی نه‌وت دێت، به‌دوای ئه‌ویشدا كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ و خاك و جێبه‌جێ‌نه‌كردنی كۆمه‌ڵێك ماده‌ی ده‌ستووری هه‌یه‌".

زانا ڕۆستایی ئاماژه‌ی به‌بنه‌ماكانی‌ گفتوگۆی هه‌رێم كرد له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عیراق و وتی:"تاكه‌ بنه‌ما كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌رده‌كرێت ده‌ستووری عیراقه‌، هه‌رێمیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی به‌غدا ده‌بێت داكۆكی له ‌مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خۆی بكات".

له‌ په‌یامێكیشدا بۆ وه‌فدی دانووستانكاری هه‌رێم، ڕۆستایی وتی‌:"ئه‌گه‌ر وه‌فدی دانووستانكار هه‌یه‌، پێویسته‌ كه‌سانی هونه‌ریشیان له‌گه‌ڵ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كان قسه‌بكات".

وه‌كوو ئه‌و جه‌ختی‌ له‌سه‌ركرده‌وه‌، "نابێت وه‌فدی حزبی تێدا بێت، باشتره‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانیش به‌شدارییان پێبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌شێك له‌هۆكاری ئاسایی‌كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا".

News Code 8715

Your Comment

You are replying to: .
captcha