قوربانییەكانی گەل كالایێك نین بازرگانییان پێوە بكرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "قوربانییەكانی گەل كالایێك نین بازرگانییان پێوەبكرێت، یا قابیلی لەبیرچوونەوە بن، یان بە چەند موجامەلەیێك هێور ببنەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس فازڵ میرانی لە گوتارێکیدا كە لە رۆژنامەی زەمان و خەباتی زمانحاڵی حیزبەكەی بڵاو كراوەتەوە، دەڵێت: "قوربانییەكانی گەل كالایێك نین بازرگانییان پێوەبكرێت، یا قابیلی لەبیرچوونەوە بن، یان بە چەند موجامەلەیێك هێور ببنەوە".

ناوبراو دەشڵێت "ئێمە لە سیاسەتدا گلەییەكان دەهێڵینەوە بۆ قۆناخێكی دیكە، كە شایستە و لەباربێت، تاوەکوو ئەوەی لە ناخی دەرووندایە بیخەینە ڕوو".

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە بارەی گشتپرسی ‌و ئاكامەكانی لە گوتارێکدا رایدەگەیێنێت، بەمەبەستی هێوركردنەوەی ئەو بارگرژییانەی پێش ئەنجام‌دان و كاتی ئەنجام‌دان و دوای ئەنجام‌دانی گشتپرسی سەریان‌هەڵدا، هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بە ئاشكرا و نائاشكرا كەوتوونەتە گەڕ.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی بە ئاماژەدان بەوەی "گشتپرسی و ئاكامی گشتپرسی بە هۆكاری ژیانەوە بوو، نەك بۆ بانگەشەی شەڕ و سزادان". دەڵێت "خودی ئێمە هاوڕێی رابردوو بووین، ئەوانەی لەگەڵ هاوڕێكانیان لە خەباتگێڕ و ئازادیخوازانی دیكە بێ پچڕان لە بەدیهێنانی عێراقی ئازاد، عێراقی یەكسانی، عێراقی شارستانی و سەردەمیانەی بەرهەمهێنەری راستگۆیی بەشداریمان كرد، نەك عێراقێكی داخراوی دەمارگرژیی نەتەوەیی و ئایینی".

جەخت لەوەش دەكاتەوە كە هەر لە سەرەتاوە بانگەشەیان بۆ گفتوگۆ كردووە ‌و بەلاشییانەوە گرنگ نییە كێ‌ بۆ ئەو گفتوگۆیە دەستپیشخەر دەبێت، بەڵكوو وەك دەڵێت "گرنگ ئەوەیە گفتۆگۆی راستگۆیانەی بەرهەمدار بێت، نە خۆدزینەوەی تێدا بێت، نە مەرج بە ئامانجی بەدەستهێنانی كورسی".

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی روونیدەكاتەوە کە شایستەی مافی هاونیشتمانبوون، لەسەر بەشێكی كەم ناپێورێت، بەڵكو وەك دەڵێت: "لەسەر بەشە بەرفراوانەكە و پێداویستییە دابین‌كراوەكانی وەك ئارامی و هەلی زامن‌كراو بۆ كاركردن و توانای بەشداری‌كردن لە دروست‌كردنی بڕیاردا، نەك بە گوشار و خۆ بەهێز زانین". دەشڵێت: "ئێمە بە گەلەكەمانەوە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە گەورەین، كەسی گەورەش تووڕە نابێت"

فازڵ میرانی باس لەوەش دەكات كە لە رۆژی 25 ی ئەیلوولدا كوردستانییان رازی نەبوون دەمی خۆیان دابخەن ‌و بە پێداگرییەوە دەڵێت: "ئەو رۆژە بە جیهان و عێراق و كوردستانمان دەگوت هەر یەكەیان شایستەی ژیانێكی شكۆمەندارن، ئێستاش هەر ئەو كارە دەكەین و دەیڵێینەوە".

لە كۆتاییی گوتارەكەیشیدا خۆزگە بەوە دەخوازێت بۆ ئەو قسانەی كردنی گوێچكەیێك هەبێت گوێیان لێبگرێت و عەقڵێك هەبێت هەستیان پێبكات و لێیان تێبگات.

News Code 8714

Your Comment

You are replying to: .
captcha