کارناسی کاروباری کورد: ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان به‌نیازه‌ کوردی تورکیا به‌ته‌واوه‌تی گۆشه‌گیر بکات

به‌شی جیهان- پڕۆفیسۆر مه‌سعوود یگین پێی وایه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ ڕێگای گۆشه‌گیر کردنی کورد و پارتی کوردیی دیموکراتی گه‌لان هه‌وڵه‌کانی بۆ گۆشه‌گیریی سیاسیی ئه‌وان و ڕێگری له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌یان خستۆته‌ گه‌ڕ.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جارێکی‌تر له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2019ی شاره‌وانییه‌کانی تورکیا کورده‌کان توانییان ژماره‌یێک له‌ شاره‌وانیی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بگرنه‌ده‌ست به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا هه‌ڕه‌شه‌کانی خۆی جێبه‌جێ کرد و له‌ ڕێگای دوورخستنه‌وه‌ی شاره‌وانانی شاره‌ کوردنشینه‌کان و ئه‌ندامی پارتی کوردیی دیموکراتی گه‌لان قه‌یوومی له‌ جێگه‌ی ئه‌وان ده‌ستنیشان کرد.

پڕۆفیسۆر مه‌سعوود یگین مامۆستای به‌شی کۆمه‌ڵناسی زانکۆی شه‌هیری تورکیا به‌ په‌یمانگای ناوه‌ندی چاودێری له‌سه‌ر باڵکان و قه‌فقازی ئیتاڵیای وتووه‌: ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌ پۆستی شاره‌وانییه‌کان سێ ئامانج پێوشوێنگری ده‌کات. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌یهه‌وێت به‌ کورده‌کان بڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌نگ به‌ پارتی دیموکراتی گه‌لان بده‌ن ده‌نگه‌کانیان هه‌رگیز حسێب ناکرێت و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا نایه‌وێت کورده‌کان ئیداره‌ی کاروباری خۆیانیان ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی ناوچه‌یێک به‌ده‌سته‌وه‌ بێت.

پڕۆفیسۆر یگین دووهه‌مین ئامانجی تورکیا بۆ وه‌لاوه‌نانی شاره‌وانانی هه‌ڵبژێردراوی سه‌ر به‌ هه‌ده‌په‌ ڕێگرتن له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌یان له‌ تورکیا ده‌زانێت چونکه‌ ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی ئه‌و حیزبه‌ شاره‌وانیی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان بگرنه‌ده‌ست ده‌سه‌ڵات و نفووزێکی زیاتریان له‌ ناو کورده‌کان ده‌بێت و ده‌وڵه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانیش حه‌ز به‌م بابه‌ته‌ ناکات.

ناوبراو له‌باره‌ی هۆکاری سێهه‌می ئه‌ردۆغان بۆ وه‌لاوه‌نانی شاره‌وانانی سه‌ر به‌ هه‌ده‌په‌ ده‌ڵێت: ئه‌ردۆغان ده‌یهه‌وێت به‌م کاره‌ و تاوانبار ناسینی هه‌ده‌په‌ ڕێگری له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوان هه‌ده‌په‌ و دیکه‌ی حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن به‌تایبه‌ت پارتی کۆماریخوازی گه‌ل بکات.

مامۆستای زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زانکۆی شه‌هیری تورکیا ئاماژه‌ی به‌ به‌رده‌وامیی پڕۆسه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی به‌رپرسانی کوردی سه‌ر به‌ پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێستای تورکیاوه‌ کرد و پێی وایه‌ که‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ چیتر باوه‌رێکی به‌ چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد نییه‌ و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش وه‌ک مه‌سه‌له‌یێکی ئه‌منی ده‌زانێت که‌ پاشهاته‌که‌شی به‌رده‌وامیی دۆخی نائاسایی له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86684

Your Comment

You are replying to: .
captcha