قه‌ته‌ر کۆنسوڵخانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- باڵیۆزی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌کاندا باڵیۆزی قه‌ته‌ر ته‌ئکیدی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم و کردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 29-9-2019 خالد حه‌مه‌د ئه‌لسڵیتى باڵیۆزى قه‌ته‌ر له‌ عێراق و شاندێکى یاوه‌رى چه‌ندین دیداریان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکی هه‌رێم، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیران و مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌نجام دا.

له‌ دیداره‌کاندا باڵیۆزى قه‌ته‌ر له‌ عێراق باسی له‌وه‌ کرد که‌ وڵاته‌که‌ى خوازیارى په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و عێراق و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نیازى خۆیان بۆ کردنه‌وه‌ى کۆنسوڵخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر و هاندانى که‌رتى تایبه‌ت و سه‌رمایه‌دارانى قه‌ته‌رى بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى له‌ هه‌رێمى کوردستان نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ وه‌به‌رهێنانى بیانى ئاماده‌یه‌ و هه‌موو ئاسانکارییێک بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى قه‌ته‌رى پێشکه‌ش ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى په‌ره‌سه‌ندنى هه‌رێمى کوردستاندا بکه‌ن و به‌شداری کردنى کۆمپانیا قه‌ته‌رییه‌کانیشى له‌ پیشه‌نگاى نێوده‌وڵه‌تیى پرۆجێکت ئیراکدا که‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلوولی 2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌ گرنگ و ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى کوردستانى بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر دووپات کرده‌وه‌.

نێچیرڤانی بارزانی تیشکیشی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر- به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ردوولا، دۆخى سیاسى و ئابوورى له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86666

Your Comment

You are replying to: .
captcha