کوردپرێس:
له‌م ڕۆژانه‌دا تورکیا هه‌وڵه‌کانی چڕ کردۆته‌وه بۆ سامانپێدانی هه‌لومه‌رجی زیاتر له 3 ملیۆن ئاواره‌ی سووری که له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی قه‌یرانی سووریا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی پێکدادانه‌کان له‌و وڵاته په‌نایان بۆ تورکیا هێنا. لهلایێکیترهوه ئه‌ورووپا که له چوونی به‌لێشاوی ئاواره‌کانی سووریا بۆ ئه‌و کیشوه‌ره نیگه‌رانه ئاماده‌یه چه‌ندین ملیار دۆلار بداته ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌کانی سووریا خاکی تورکیا به‌ره‌و ئه‌ورووپا به‌جێنه‌هێڵن. به‌م حاڵه‌شه‌وه هه‌بوونی ملیۆنان ئاواره‌ی سووریا له تورکیا کارتێکهرییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته داناوه و ڕه‌خنه‌یێکی زۆر له هه‌بوونی ئه‌و ئاوارانه له تورکیا ده‌گیردرێت.
ده‌وڵه‌تی تورکیا چه‌ندین ڕێگای بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ وڵاته‌که‌یان له‌به‌رچاو گرتووه که گرینگ‌ترینیان دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا و نیشته‌جێکردنی ملیۆنان ئاواره‌ی سووریا له ناوچه‌ی کوردنشینی ئه‌و وڵاته‌یه. به‌ڵام دوکتۆر کڵسی نۆرمه‌ن مامۆستای مافی مرۆڤ و په‌نابه‌ران له په‌یمانگای بیکه‌ری سه‌ر به زانکۆی ڕایسی ئه‌مریکا دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ئه‌نجام داوه و نیسبه‌ت به پاشهاته نه‌رێنییه‌کانی ئه‌و بابه‌ته هۆشداری داوه.
دوکتۆر نۆرمه‌ن یه‌ک له پێشهاته نه‌رێنییه‌کانی نیشته‌جێکردنی ئاواره‌کانی سووریا له ناوچه‌ی کوردنشینی ئه‌و وڵاته به ئه‌گه‌ری گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه له زه‌ره‌ری کورد ده‌زانێت.
ئه‌و توێژه‌ره‌ی کاروباری ژنان، مافی مرۆڤ و په‌نابه‌ران له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیی پشتیوانینه‌کردنی ئه‌ورووپا له چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی کوردی تورکیا له‌گه‌ڵ ڕێککه‌وتنی ئه‌و کیشوه‌ره له‌گه‌ڵ تورکیا بۆ ڕێگرتن له کۆچکردنی ئاواره‌کان به‌ره‌و ئه‌ورووپا زیادی کرد: له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌ورووپا نفووز و ده‌سه‌ڵاتێکی که‌متری له تورکیادا هه‌یه و ئاوڕێکی جیدی له مه‌سه‌له‌ی کورده‌کان ناداته‌وه به‌ڵام ناتوانین بڵێین که ئه‌م مه‌سه‌له به بۆنه‌ی ڕێککه‌وتنی ئه‌ورووپایه له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر کۆچکردنی ئاواره‌کان به‌ره‌و خاکی ئه‌ورووپا.
ده‌قی دیمانه‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ دوکتۆر کڵسی نۆرمه‌ن مامۆستای زانکۆی ڕایس و توێژه‌ری په‌یمانگای بیکه‌ر؛
کوردپرێس: هه‌ندێک که‌س پێیان وایه که هۆکاری پاڵپشتینه‌کردنی ئه‌ورووپا له چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد له تورکیا ترس له چوونی به‌لێشاوی په‌نابه‌رانی سووریایه بۆ ئه‌و کیشوه‌ره به‌بۆنه‌ی سیاسه‌تی فشاری ده‌وڵه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان. تا چ ڕاده‌یێک ئه‌م ڕوانگه‌یه دروسته؟
دوکتۆر کڵسی نۆرمه‌ن: ئه‌ورووپییه‌کان له ده‌یه‌کانی 1990 و 2000ی زایینی‌دا که تورکیا کاندیدێکی جیدی بۆ تهڤلبوون به یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بوو نفووزێکی زیاتریان له‌سه‌ر تورکیا بوو بۆ وێنه له‌م ماوه‌یه‌دا دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا که تورکیاش ئه‌ندامییه‌تی چه‌ندین جار ڕوانگه و هه‌نگاوه‌کانی تورکیای نیسبه‌ت به کوردی ئه‌و وڵاته ئیدانه کردووه. به‌ڵام ئه‌وڕۆکه به‌تایبه‌ت پاش سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی په‌نابه‌ران له ساڵی 2015 و ڕێککه‌وتنی تورکیا و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا -که ئه‌و وڵاته به گرینگ‌ترین هاوپه‌یمانی ئه‌و کیشوه‌ره بۆ ڕێگرتن له کۆچکردنی په‌نابه‌ران بۆ یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ده‌زانێت- تورکیا نفووزێکی زیاتری له‌سه‌ر ئه‌ورووپا بووه. دروسته که ئه‌م ڕێککه‌وتنه هه‌رچی زیاتر به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌ڕوات به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌ورووپا نیگه‌رانی چوونی به‌لێشاوی ئاواره‌کان بۆ ئه‌و کیشوه‌ره‌یه پێده‌چێت به‌رده‌وام بێت له هاوکارییه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا.
له ئێستادا ئه‌ورووپا خواست و مه‌یلێکی که‌متری بۆ تاوتوێکردنی مه‌سه‌له‌ی کوردی تورکیا هه‌یه به‌ڵام دیار نییه که ئایا ئه‌م مه‌سه‌له به‌بۆنه‌ی هاوکاریی هه‌رچی زیاتری ئه‌و کیشوه‌ره له‌گه‌ڵ تورکیا له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ران و ئاواره‌کانه یان که‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری قبووڵکردنی تورکیا وه‌ک ئه‌ندامێکی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا. جیا له‌مانه، ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌ورووپا له مه‌سه‌له‌ی کوردی تورکیا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ که دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا داواکان بۆ مه‌حکوومکردنی تورکیا له‌سه‌ر پێشێلکردنی مافی مرۆڤی به‌بۆنه‌ی بۆردومانی ناوچه کوردنشینه‌کانی تورکیا له ساڵی 2015 ڕه‌ت کرده‌وه به‌ته‌واوه‌تی دیار بوو.
کوردپرێس: له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ملیۆنان ئاواره‌ی سووریا له‌و وڵاته چڕ کردۆته‌وه. ئایا ئه‌م کاره‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا هۆکارێکی تایبه‌تی له‌پشته‌وه‌یه؟
دوکتۆر کڵسی نۆرمه‌ن: تورکیا له سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه هه‌وڵه‌کانی بۆ جێبه‌جێکردنی سیسته‌مێک به مه‌به‌ستی چاودێریکردن له‌سه‌ر نیشته‌جێکردنی ئاواره‌کانی سووریا خستۆته گه‌ڕ. ئاواره‌ی دیکه‌ی وڵاتانی نیشته‌جێی تورکیا ناچارن له‌و شوێنانه‌ی که ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ستنیشانیان ده‌کات نیشته‌جێ بن. هه‌روه‌ها ئاواره‌کانی سووریا ناچار بوون له هه‌ندێک شاری تایبه‌ت که تێیدا ناوه‌کانیان تۆمار کراوه بژین به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا چاودێرییێکی جیدی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له نه‌بووه. زۆربه‌ی ئاواره‌کانی سووریا هه‌وڵ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه له شاره‌کانی شوێنی نێشته‌جێبوونیان له تورکیا و چوونیان به‌ره‌و هه‌ندێک شاری گه‌وره وه‌ک ئه‌سته‌نبۆڵ و ئێزمیر ده‌ده‌ن چوونکه له‌و شارانه‌دا ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی کاری نافه‌رمی بۆ ئه‌وان له‌سه‌ره‌وه‌یه.
به‌ڵام له‌مدواییه‌دا ده‌وڵه‌تی تورکیا که‌مپێنێکی بۆ ده‌ستگیرکردنی هاووڵاتییانی سووریی ده‌ره‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونیان ده‌ست پێکردووه و بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ش ههلیکۆتاوهته سه‌ر کارگه جۆراوجۆره‌کان و چه‌ندین وێستگه‌ی پشکنینی داناوه. به‌پێی هه‌ندێک له ڕاپۆرته‌کان، ده‌وڵه‌تی تورکیا چ ئه‌وانه‌ی که به‌ڵگه‌ی فه‌رمیی تۆمارکردنی حه‌وانه‌وه‌یان هه‌یه و چ ئه‌وانه‌ی که به‌ڵگه‌یێکی وایان نییه ده‌ستگیر کردووه. ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی که سوورییه ده‌ستگیرکراوه‌کان بۆ شاره دیاریکراوه‌کان له تورکیا بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌وانی له تورکیا به‌ره‌و باکووری سووریا ناردووه که ئه‌م کاره‌ش له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان یه‌ک ناگرێته‌وه. تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی که له ڕه‌خنه‌گرتنه‌کان پارێزراو بێت ئه‌و که‌سانه‌ی ناچار کردووه هه‌ندێک به‌ڵگه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌یان بۆ سووریا واژۆ بکه‌ن.
ئه‌گه‌رچی ده‌رکردنی هاووڵاتییانی سووریا له ساڵی 2015 له تورکیادا بووه به‌ڵام پێده‌چێت که ئه‌م گۆڕانکارییانه هاوکاته له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی حیزبه ئۆپۆزیسیۆن و ده‌نگده‌ره‌کان له ناو تورکیا. به‌ڵام هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ ده‌رکردنی ئاواره‌کانی سووریا ده‌توانێت خراپتربوونی دۆخی ئابووریی تورکیا له ساڵی ڕابردوودا بێت. ده‌وڵه‌تی تورکیا به سه‌رکردایه‌تیی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئاک‌پارتی ئاواره‌کانی سووریا وه‌ک قوربانیی که‌مکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه ناوخۆییه‌کان به‌کار دێنێت و له ڕاستیدا ئاواره‌کانی سووریا قوربانیی ڕه‌خنه‌گرتنه‌کان له پراکتیکی ئابووریی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌ی تورکیان.
که‌واته پێده‌چێت کهمپێنهکهی دژ به ئاواره‌کانی سووریا له تورکیا ئه‌نجامی لاوازبوونی ئابووری ئه‌و وڵاته و هه‌روه‌ها لاوازبوونی حوکمڕانیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان بێت.
ده‌توانین بڵێین که ئه‌گه‌رچی ده‌رکردنی ئاواره‌کانی سووریا له ماوه‌یێک پێش ئێستا به‌تایبه‌ت له ساڵی 2015 درێژه‌ی بووه به‌ڵام پێده‌چێت که هۆکاری گرینگی ڕووداوه‌که قه‌یراناویبوونی ئابووری تورکیا له یه‌ک ساڵی ڕابردوو و هه‌روه‌ها لاوازبوونی پێگه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانه به‌تایبه‌ت پاش شکستی هه‌ڵبژاردنی حیزبی ئاک‌پارتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی جووندا. مومکینه ئه‌ردۆغان بیهه‌وێت له ڕێگای گوشارخستنه سه‌ر ئاواره‌کان و ده‌رکردنیان دۆخی تورکیا له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگۆڕێت که ئه‌نجامه‌که‌شی قوربانیبوونی ئاواره‌کانی سووریایه.
کوردپرێس: تورکیا ڕایگه‌یاندووه که ده‌یهه‌وێت زۆربه‌ی ئاواره‌کانی سووریا له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریای ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا نیشته‌جێ بکات که زیاترین حه‌شیمه‌تی کوردی تورکیا له‌خۆ ده‌گرێته‌وه. ئایا ئه‌و کاره گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریای به‌دواوه نابێت؟
دوکتۆر کڵسی نۆرمه‌ن: تورکیا ڕایگه‌یاندووه که ده‌یهه‌وێت ئاواره‌کانی سووریا بۆ باکووری ئه‌و وڵات بگه‌ڕێنێته‌وه. ناتوانین بڵێین که ئه‌م به‌رنامه له ڕاستیدا چۆن جێبه‌جێ ده‌کرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر تورکیا بیهه‌وێت ئاواره عه‌ره‌به‌کانی سووریا بۆ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا بگوازێته‌وه ئه‌و هه‌نگاوه کارتێکه‌ری له‌سه‌ر دیمۆگرافیا و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه ده‌بێت.
کوردپرێس: کوردی سوویا زیاتر له 70 هه‌زار چه‌کداری داعش له که‌مپه کاتییه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی ده‌هێڵێته‌وه که زۆربه‌یان له شه‌ڕی کورد و داعش له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا ده‌ستگیر کراون. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که کورده‌کان ڕایانگه‌یاندووه توانای نیگاداری له‌و که‌سه مه‌ترسیداره‌یان نییه و وڵاتانی بیانیش ئاماده به گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعشی سه‌ر به وڵاته‌کانیان نیین مومکینه له درێژخایه‌ندا چ شتێک ڕوو بدات؟
دوکتۆر کڵسی نۆرمه‌ن: له ڕاستیدا ده‌بێ ئه‌و که‌سانه بۆ هه‌مان وڵات بگه‌ڕێندرێنه‌وه که له‌وێدا په‌ڕیونه‌ته ناو سووریا. تا جێگه‌یێک که من ده‌زانم ژماره‌یێک له وڵاتان وه‌ک ئه‌مریکا سه‌ره‌ڕای دژایه‌تییه‌کان له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌کدارانه‌ی داعش بۆ وڵاته‌کانیان هه‌وڵه‌کانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعشی ئه‌مریکی له سووریا خستۆته گه‌ڕ. له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو لایێکدایه که ئه‌و که‌سانه بۆ وڵاته‌کانیان بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به بۆنه‌ی تهڤلبوونیان به داعشه‌وه له وڵاته‌کانیان دادگه‌یی بکرێن.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment